بەهۆی گڕگرتنی هیتەر کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵ لە سلێمانی گیانیلەدەستدا

 ئێوارەی ئەمرۆ یەکشەممە ١٨ی تشرینی دووەم لە گەرەکی چوارباخی شاری سلێمانی  کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵ گیانیلەدەستدا.

رێکان جەمال  وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی رایگەیاند، روداوەکە بەهۆی ئامێری گەرمکەرەوە"هیتەر"ەوەوە روویداوە، کاتێک هیتەرەکە بە شۆرتی کارەباوە گڕیگرتووە لە ئەنجامدا دوکەڵێکی زۆر لە ماڵەکەدا بەرزبووەتەوە و کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵ خنکاوە.

وتیشی، لە کاتی گڕگرتنی هیتەرەکەدا ئەو کجە کچەکە لە ژوری دواوەی ماڵەکەدا بووە، بەڵام بەهۆی بوونی دوکەڵێکی زۆرەوە تیمەکانیان نەیانتوانیووە رزگاری بکەن و خنکاوە، هاوکات  زیانیێکی زۆریش بە ماڵەکە گەیشتووە و ژورێکی ماڵەکە بە تەواوی سوتاوە. 

 وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر بەهۆی دۆکەڵەکەوە کچێکی تری ئەو ماڵە توشی تەنگە نەفەسی بووەو ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شاری سلێمانی کراوە و لە ئێستادا باری تەندروستی جێگیرە.

ئەمە سێیەم حاڵەتە کە لەم مانگەدا بەهۆی گڕگرتنی ئامێرە کارەباییەکان روویداوە، بەجۆرێک لەسەرەتای ئەم مانگەدا لە گەڕەکی ڕاپەڕینی قەزای ڕانیە ئاگر لە ماڵی هاوڵاتییەک کەوتەوە و بەهۆیەوە چوار منداڵ و دوو ژن و پیاوێک سوتان و پێنج له‌ سوتاوه‌كانیش به‌هۆی ڕێژه‌ی زۆری سوتاوییه‌كه‌یانه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستدا.
هەروەها چەند رۆژێک پێش ئێستاش به‌هۆی كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگرێک لە ناحیەی حاجیاوای سەر بە قەزای ڕانیە خاوەن پێداویستیەکی تایبەت گیانی لەدەستدا.

 




PM:09:18:18/11/2018