به‌ڕێوه‌به‌رایەتى په‌روه‌رده‌ى ده‌ربه‌ندیخان بڕیاریدا تاقیكردنه‌وه‌كانى سبه‌ینێ له‌سه‌رجه‌م قوتابخانه و خوێندنگاكانى سنوورى په‌روه‌رده‌کەی دوابخرێت.
ڕێبین محه‌مه‌د، به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنى به‌ڕێوه‌به‌رێتى په‌روه‌رده‌ى ده‌ربه‌ندیخان، لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگه‌یاند " بەهۆی بومەلەرزەکەی ئەمشەوە به‌ڕێوه‌به‌رایەتیەکەیان بڕیاری دا به دواخستنى تاقیكردنه‌وه‌كانى سبه‌ی 26ی تشرینی دووەم له سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانى خوێندنى سنوورى په‌روه‌رده‌ى ده‌ربه‌ندیخان کە لەچوارچێوەی تاقیکردنەوەکانی نیوەی یەکەمی وەرزی یەکەمە".
ئاماژەی بەوەشکردووە "لەبەر ئەوەی ژماره‌یه‌كى زۆر له هاووڵاتیان و قوتابیانی شارى ده‌ربه‌ندیخان له ماڵه‌كانیان هاتوونه‌ته ده‌ره‌وه و تووشی ترس و دڵه‌ڕاوكێ بوون، بۆیه به‌باشمانزانى بۆ گرنگیدان به ده‌روونى قوتابیان و خوێندكاران ئه‌و بڕیاره ده‌ربكه‌ین".
به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنى به‌ڕێوه‌به‌رێتى په‌روه‌رده‌ى ده‌ربه‌ندیخان جەختیردەوە لەوەی تەنها تاقیکردنەوەکان دوادەخرێت و سبه‌ی ده‌وام له‌سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانى خوێندندا ئاساییه".
لە کاتژمێر 7:37 ده‌قیقه‌ی و 44 چركه‌ی شه‌وی یەکشەممە به كاتی هه‌ولێر بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك به گوڕی 6.5 پله به پێوه‌ری رێخته‌ر و به قوڵایی 10 كیلۆمه‌تر له نزیك سه‌رپێڵی زه‌هاو تۆمار كرا و له ته‌واوی ناوچه‌كان و پارێزگاكانی باشووری كوردستان هه‌ستی پێكرا.
ساڵی رابردووش لە هەمان مانگدا 12-11-2017، بوومەلەرزەیەكی بەهێز هەر چوار پارچەی كوردستان و چەند وڵاتێكی دیكەی هەژاند، بەهۆیەوە لە باشووری کوردستان و لە رۆژهەڵات و ئێرانیش ژمارەیەکی هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا، بە سەدان کەسیش برینداربوون.