هیچ وادەیەك دیارنیە بۆ بەستنی كۆنگرەی یەكێتی

ئەگەرچی یەكێتی بڕیاریدابوو دوای هەڵبژاردن كۆنگرە ببەستێت، بەڵام هیچ كات و وادەیەك دیارنیە بۆ بەستنی كۆنگرە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە یەكێتی لە چەند باڵێكەیوە بوەتە دوو باڵی سەرەكی.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی كە "سپی" لە چەند سەرچاوەیەكی ناو یەكێتیەوە دەستیكەوتووە تا باڵەكانی یەكێتی تەوافوق نەكەن لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی كەسی یەكەمی ناو یەكێتی و مەكتەب سیاسی و سەركردایەتیەكان هیچ ئاسۆیەك دیارنیە بۆ بەستنی كۆنگرە.

بەپێی ئەو زانیاریانە ئێستا سەركردایەتی یەكێتی دابەش بووە بەسەر دوو باڵدا باڵی كۆسرەت ڕەسوڵ و بەرهەم ساڵح و لاهوری شێخ جەنگی لە بەرەیەكن و بەرەكەی تریش باڵی تاڵەبانی و چەند ئەندامێكی سەركردایەكی و مەكتەب سیاسی نزیك لە ماڵی تاڵەبانین.

ئەم دوو باڵە لە كاتی دانانی بەرهەم ساڵح بە سەرۆك كۆمار لە مانگی تشرینی یەكەمدا تا ڕادەیەك نزیك بوون لەیەك، بەڵام ئێستا كە دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەتی هەرێم و سەرۆكایەتی پەرلەمان هاتۆتە پێشەوە جۆرە جیاوازیەك و ناتەباییەك كەوتۆتە نێوانیانەوە.

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە لە ساڵی 1975 دروستبووە كۆنگرەیەكی لەسەردەمی شاخدا بەستووە و دوو كۆنگرەی تری دوای ڕاپەرین بەستووە و تا ئێستاش وادەی كۆنگرەی چوارەم بەهۆی ناكۆكی دابەشكردنی پۆستەكانی ناو ئەو حزبە دیارنیە.



PM:01:37:26/11/2018