وەزارەتی کارەبا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی تشرینی دووەم ئەنجومەنی راوێژكاری وەزارەتی کارەبا بۆ پێداچوونەوە بەرێنمایی و مەرجەكانی پێدانی كارەبا بۆ هاووڵاتیان کۆبووەوە.

 بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی كارەبا، لە كۆبوونەوەکەدا بە ئامادەبوونی راوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی كارەباش، باس لە هەموو ئەو تێبینی و پێشنیارانە كراوە، كە بۆ چاوخشاندنەوە بە رێنمایی و مەرجەكانی پێدانی كارەبا بۆ وەزارەت بەرزكراوەتەوە. 

 ئەوەشهاتووە، بریكاری وەزارەتی كارەبا دوای ئەوەی گوێبستی راوپێشنیارەكانی راوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی كارەبا بوو، داوای كرد رێنمایی و مەرجەكانی كارەبا بەشێوەیەك رێكبخرێت كە لەخزمەتی هاوڵاتیان و كار ئاسانی بەڕێوەچوونی كارەكانیاندا بێت.

لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشكراوە، کە بەتوندی سزای دارایی ئەو كەسانە بدرێت كە سەرپێچی دەكەنە سەر تۆڕەكانی كارەباو دەستكاری پێوەرەكانی كارەبا دەكەن، چونكە ئەمە دەچێتە چوارچێوەی تاوانی دزی یەوە و زیانی گەورە دەگەیەنێتە دابەشكردنی كارەبا و پێدانی كارەبا بە هاووڵاتیان.



PM:06:11:27/11/2018