" هەندێک سەرکردەی گۆڕان دەیانەوێت ببن بە جێگری سەرۆک وەزیرو وەزیر"

 
جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆران، ساڵەح ژاژڵەیی رایدەگەیەنێت زۆرینەی گۆڕان لەگەڵ ئەوەیە بەشداری حکومەت نەکەین بەڵام هەندێک لەسەرکردەکانی گۆڕان بۆ بەرژەوەندی شەخسی بەنیازی پۆستی باڵای حکومین لەنێویاندا جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیر و پۆستە باڵاکانی تر، بۆیە هانی ئەوە دەدەن گۆڕان بچیتە ناو حکومەت.

 ساڵەح ژاژڵەیی، جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆران بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندوە بەشی زۆری ئەو كەسانەی لەگەڵ ئەوەن گۆران نەچێتە ناو حكومەت بریتین لە دەنگدەرەكانیان، دەشڵێت ” هەر خۆی ئێمە دەمانوت ساختەمان لێکراوە لەهەڵبژاردن، دەنگمان دزراوە بەڵام بەچونە ناو حکومەتەوە "ئیعتراف” بەو ساختەکاری و دزینی دەنگەکانمان دەکەین و "شەرعیەت”ی پێدەدەین و ڕازین بەو ساختەکاریەی لێمان کراوە، بۆ ئەوەی دەنگدەرمان لەدەست نەچێت، من پێم وایە یەکێک لەو ڕێگایانەی کە دەنگدەرەکانمان ئاشت بکەینەوە ئەوەیە بەڕاشکاوانە بەخەڵک بڵێین؛ ئێـمە بەشدار نابین لە حکومەت”.
 
هەروەها دەڵێت "ئاخر جاری پێشو-ش کەچوینە حکومەتەوە وتمان چوار ساڵ ئارامی بەڵێنیان پێداین بەڵام بەڕاستی لێت ناشارمەوە متمانەی تەواو نیە، متمانە لەنێوان لایەنەکاندا نیە، متمانەمان بە بەڵێنەکان نیە هەندێک شت ڕویداوە وایکردوە متمانەمان نەمێنێت”.
زۆرێک لە بەرپرسانی گۆڕان لەو گفتوگۆیانەی لەسەر لەسەر بەشداریکردن، یان بەشداری نەکردن لە حکومەتدا، لەگەڵ ئەوەدان کە بەشداری لەحکومەتدا بکەن، بەتایبەتی بەرپرسە باڵاکانی ئەو حیزبە.




PM:08:09:28/11/2018