سێ کۆڵبەری دیکەی کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سنورەکانی شاری بانەی سەر بە پارێزگای سنە کوژران و برینداربوون.
میدیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردەوە، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ هێزە ئەمنییەکانی بازگەی گوندی ماڵتەی سەر بە شاری بانە تەقەیان لە پۆلێک کۆڵبەر کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بەناوی هادی سەلیمی کوژراوە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو هاووڵاتییە تەمەنی ٣٠ ساڵ و باوکی دوو منداڵ بووە.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، هەر لە ئەنجامی ئەو تەقەکردنە دوو کۆڵبەری دیکەی بریندار بوون کە تا ئێستا ناسنامەیان نەزانراوە.
پێشتر و لە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممەی رابردوودا هێزەکانی بازگەی بڕوێشکانی شاری بانە، تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کرد و بەوهۆیەشەوە هاووڵاتییەک بەناوی مەهدی ئەمینی بەسەختی برینداربوو.
ساڵانە بەدەیان کۆڵبەری کورد لە رێگا سەخت و پڕمەترسییەکانی سنورەکانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان گیان لەدەستدەدەن و بریندار دەبن کە زۆربەیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەکوژرێن.