ئەندامێکی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، گەیشتوینەتە ئەنجامێك بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و ماوەتەوە سەر ئەوەی رایبگەیەنین.
عارف تەیفور، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی وادەی دەستپێكردنەوەی گەڕی دووەم و سەردانی شاندی حزبەكەی بۆ لای لایەنەكان بە ئاژانسی ئانادۆڵی راگەیاند،"هەفتەی داهاتوو دەست بە كۆبوونەوەكان دەكەنەوە و سەردانی ئەو لایەنانە دەکەن كە خواستیان لەسەر بەشداریكردنی حكوومەت هەیە و گفتوگۆ لەسەر وردەكارییەكانی پێكهێنانی حكوومەت دەكەن".
عارف تەیفور لە بارەی كاندیدی حزبەكەی بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەت وتی: "گەیشتوینەتە سەر ئەنجامێك و ماوەتەوە سەر ئەوەی رایبگەیەنین".
شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان پێش دوو هەفتە گەڕی یەكەمی گفتوگۆ و دانوستانەكانی تایبەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان ئەنجامدا و لە شاری سلێمانی لەگەڵ هەردوولایەنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوە.
دوێنێ چوارشەمەش سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەسعود بارزانی رایگەیاندبوو "گفتوگۆی شاندی پارتی لەگەڵ شاندی لایەنەكانی دیكە بەردەوامە، سەبارەت بەوەش كێ پاڵێوار دەبێت، كاتێك راگەیەندرا ئەوكات دەزانن كێ دەبێت".
هاوکات بەهمەن عەبدوڵڵا ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی وتی "دوای گەڕانەوەی مەسعود بارزانی لە سەردانەكەی، لەم رۆژانەدا گفتوگۆكان دەست پێ دەكاتەوە و پارتیش بۆ خۆی كۆبوونەوەیەك دەكات و نەخشەڕێگای خۆی دادەنێت كە لەگەڵ حزبەكان چۆن و بە چ شێوازێك حكوومەت پێكبهێنین و حكوومەتی ئەمجارە حكوومەتێكی بەهێز بێت و خەڵكانێكی تیادا بێت كە هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەشكرد، "لە گەڕی یەكەمی كۆبوونەوەكان و سەردانەكەی شاندی حزبەكەی بۆ ئەوەبوو بەرچاوڕوون بن و بزانن لایەنەكان داوای چی دەكەن و روئیایان چییە بۆ پێكهێنانی حكوومەت، دواتر پارتی نەخشە و بەرنامەی حكوومەت ئامادە دەكات كە ئەوەش كاتی پێویست دەبێت".