لە بارەی تەکسییەکانی سلێمانییەوە بڕیاردەدرێت

بڕیارە پڕۆژەی ڕێكسختنی كاری تەكسی لەشاری سلێمانی بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بسلێمانی بەسەر 100 وێستگەی تەكسیدا دابەشدەكرێت.

سدیق محەمەد بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی سلێمانی ڕایگەیاند، بڕیاربوو دوێنێ لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی دابنیشن بۆئەوەی هەنگاوی یەكەمی پڕۆژەكە جێبەجێبكەن، بەڵام بەهۆی نەخۆشییەوە نەیتوانیوە كۆبونەوەكە ئەنجامبدەن، بۆیە لەم چەند ڕۆژەدا دادەنیشن و هەنگاوی یەكەم دەخەنە بواری جێبەجێكردنەوە.

ناوبراو بە ماڵپەڕی خەڵکی وتووە، زیاتر لە 15 هەزار تەكسی لەسلێمانی كاردەكەن، بۆیە دەیانەوێت لەڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە كاری ئەم تەكسییانە ڕێكبخەن، بۆیە لەهەنگاوی یەكەمدا كارتی كاركردن بۆ شۆفێری تەكسییەكان دروست دەكەن و تەكسی ناوشار و دەرەوەی شار جیادەكەنەوە و لەزگەی جیاوازیان لێدەدەن.

باسی لەوەشکرد لەقۆناغی دووەمدا تەنها ڕێگە بەكاركردنی ئەو تەكسییانە دەدرێت، كە شۆفێرەكەی موچەخۆری حكومەت نین، لەقۆناغی سێهەمیشدا نزیكی 100 وێستگەی تەكسی دادەنێن.
ئاماژە بەوەشدەکەن لەهەر وێستگەیەكی تەكسی ژمارەیەك تەكسی دادەنێن، كە هاوڵاتیان دەتوانن پەیوەندییان پێوەبكەن، ئەمەش لەڕووی كۆمەڵایەتی و ژینگە و كەمكردنەوەی قەرەباڵغی شەقامەكان و ئەمنییەوە سودی بۆ هاوڵاتیان دەبێت.

ئاشکراشی کردووە، وێستەگەی تەكسییەكان دەدرێنە كۆمپانیایەك، بەڵام ئەمە لەسودی شۆفێرانی تەكسیشە، چونكە شۆفێری تەكسی ئێستا كاتێكی زۆر بەشەقامەكاندا دەگەڕێت تاوەكو كاری دەستدەكەوێت، بەڵام كاتێك لەوێستگەی تەكسی بێت، خەڵك خۆی پەیوەندییان پێوەدەكات و نرخی خەتەكەشی بەرز دەبێتەوە.



PM:06:47:30/11/2018