ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ٣٠ ڕۆژی دەستنیشانکرد بۆ کارەکانی لیژنەی ھاوبەشی ھەرێم و بەغدا بەمهبهستی ئهوهی مووچەی وهزارهتی شههیدان و ئهنفالكراوانی حكومهتی ههرێمی كوردستان هاوتای مووچەی دهستهی شههیدان و زیندانیانی سیاسی عێراق بكرێت.
ئامانج ڕەحیم وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ئاماژەی بەوە کردووە، ئەنجومەنی وەزیرانی بەغدا بە فەرمانی دیوانی ژمارە ٩٨ لە ١٣ی ١١ی ٢٠١٨ تەنھا ٣٠ ڕۆژی دەستنیشان کردووە بۆ تەواوکردنی کارەکانی لیژنەی ھاوبەشی ھەرێم و بەغدا بۆ یەکخستنی شایستەی دارایی و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵی.
ئەوەشی ڕاگەیاند، حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ناو داواکارییەکانی خۆی بۆ لیژنەی ھاوبەشی پێداچوونەوەی بوودجەی ٢٠١٩ لەگەڵ حکومەتی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق داوای تەرخانکردنی پارەی پێویستی کردووە بۆ ئەو پرۆژەیە.
باسی لەوەشکردووە، لە ماوەی ڕابردوو لیژنەیەک لە وەزارەتەکەیان سەردانی بەغدای کردووە و زانیاری تەواوی دەربارەی کەسوکاری شەھیدان وزیندانیانی سیاسی داوەتە بەغدا.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، بە پشت بەست بە ماددەی ١٣٢ی دەستور و بریاری تەشریعی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە ٢٦ی ساڵی ٢٠١٨، ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی ئەرێنی دەبێت، پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێت.
بەگوێرەی زانیاریەکان ئەگەر مووچەی كهسوكاری شههیدانی سهنگهر و وارسی شههیدان و ئهنفالكراوان بخرێتە سەر بەغدا ٨٠%ی مووچەخۆرانی وەزارەتەکە لە ٥٠٠ هەزارەوە دەبێتە ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار دینار.