هۆکاری دواکەوتنی پارەی کارمەندانی سەر سندوقەکان

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشکرایکرد بە هۆی بانکی ڕافیدەینەوە دابەشکردنی پارەی کارمەندانی سەر سندوقەکان دواکەوتووە

عەبدولباست دەروێش بەرێوەبەری راگەیاندنی ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی وتووە "بۆ دابەشكردنی پارەی كۆمسیۆن، پارەكە گەیشتوەو دەبوو سەرەتایی ئەم هەفتەیە دەست بەدابەشكردنی بكرایە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەلایەن بانكی رافیدەینەوە ئاگادار كراوینەتەوە، دەبێت بەشێوەی چەك پارەكە بدرێت بەوهۆیەوە دابەشكردنەكە دواكەوتوە".

دەشڵێت "ئەم چەكی بانكەش بۆ ئێمە كێشەیەو ناتوانین بەچەك پارەكە دابەش بكەین، بۆچارەسەركردنی ئەو كێشەیەش لەئێستادا نوسراوێكمان بۆ بەغدا كردوە و داوامان كردوە پارەكە وەك جاران بەكاش بدرێت، چاوەڕوانی وەڵامی ئەو نوسراوەین بۆئەوەی دەست بەخەرجكردنی بكەین".

ئەو بەرپرسەی کۆمسیۆن هەروەها وتویەتی ،"ئەوان دەیانەوێت كارمەندانی خۆیان سەرپەرشتی دابەشكردنی پارەكە بكەن، كارمەندانیش دڵنیادەكەینەوە پارەكەیان نافەوتێت و بەمزووانەش پێیان دەدرێت".




PM:05:13:03/12/2018