یەکێتی: تا ئێستا کاندیدمان بۆ جێگری سەرۆک وەزیران دیاری نەکردووە

وتەبێَژی یەكێتی ڕاگڤەگاد یەكێتی ئازادە لەدیاریكردنی كاندیدەكانی بۆ حكومەت و لەچەند رۆژی داهاتووشدا مەكتەبی سیاسی بۆ دیاریكردنی كاندیدی پۆستەكانی حكومەتی هەرێم و پۆستەكانی دیكە كۆدەبێتەوە.

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند یەكەم كۆبوونەوەش كە لەنێوان یەكێتی و پارتیدا بەڕێوەچوو، باس لەبەرنامەی كاری هاوبەش كرا بۆ حكومەت كە بەرنامەی هەڵبژاردنی حزبەكان بووە، هەروەها پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز بۆ چوار ساڵی داهاتوو كە خۆی لەهەلیكارو ئارامی و خزمەتگوزاری ببینێتەوە، راشیگەیاند: حكومەتی كاربەڕێكەر وەڵامی داخوازی خەڵك ناداتەوەو پێویستە پەلە بكرێت لەدامەزراندنی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان.

وتەبێژەکەی یەکێتی ڕاشیگەیاند یەكێتی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی هەیەو بڕیاری پارتیش بۆ دیاریكردنی كاندیدی خۆی دەیدات بڕیاری تایبەت بەخۆیەتی و وەك یەكێتی رێزی لێدەگرین.

ڕوونیشی کردەوە یەكێتی چۆن رێز لەلایەنەكان دەگرێت بۆ دیاریكردنی كاندیدەكانیان، بەهەمان شێوەی یەكێتی ئازادە لەدیاریكردنی كاندیدەكانی خۆی و لەچەند رۆژی داهاتووشدا مەكتەبی سیاسی كۆدەبێتەوە بۆ دیاریكردنی كاندیدەكانی بۆ پۆستەكانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردلەكۆبوونەوەی پێشتری یەكێتی و پارتیدا باسی پۆستی سەرۆك هەرێم كراوە، بەڵام لەكۆبوونەوەكانی داهاتوودا باسی دەستووری هەرێم دەكەین كە لەناو دەستوورەكەدا دەسەڵات و شێوەی كاركردنی سەرۆكی هەرێم دیاریدەكرێت، بەڵام ئێستا قسە لەسەر پێكهاتەی حكومەتی نوێی هەرێم دەكرێت.

سەعدی پیرە هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا وتی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی بۆ یەكێتی دەبێت، بەڵام یەكێتی كێی بۆ دادەنێت ئەوە لەكۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیدا بڕیاری لێدەدرێت، هەروەها پۆستەكانی دیكەش كە بەر یەكێتی دەكەوێت.




PM:06:33:03/12/2018