قوباد تاڵەبانی‌ دەرگای گفتوگۆ بەكراوەیی دەهێڵێتەوە

قوباد تاڵەبانی‌ دەرگای گفتوگۆ بەكراوەیی دەهێڵێتەوە و دەڵێت "هەر كارێكیش لەبەرژەوەندی‌ خەڵكی‌ كوردستان بێت و حزبەكەی‌ پێی بسپێرێت جێبەجێی‌ دەكات".

قوباد تاڵەبانی‌، جێگری‌ سەرۆكی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان دەربارەی‌ كاندیدكردنی‌ هەریەك لە مەسرور بارزانی‌ بۆ سەرۆكی‌ حكومەتی‌ هەرێم و نێچیرڤان بارزانی‌ بۆ سەرۆكی‌ هەرێمی‌ كوردستان بەماڵپەڕی "وێستگە نیوز"ی‌ ڕاگەیاندووە "ئەو دوو بڕیارە پەیوەندیی‌ بە پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانەوە هەیە، وەك چۆن یەكێتیش ئازادە لەدەستنیشانكردنی‌ هەر كاندیدێك بۆ هەر پلە و پۆستێكی‌ حكومی‌".

قوباد تاڵەبانی‌ هەروەها ڕایگەیاندووە "بە شانازییەكی‌ گەورەوە لەهەڵبژاردنی‌ خولی‌ پێنجەمی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان بووم بەسەرۆكی‌ لیستی‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان و نوێنەرایەتی‌ بنەماڵەی‌ شەهیدان و چین و توێژەكانی‌ یەكێتی‌ و لایەنگران و هەوادارانم كردو زۆرترین دەنگی‌ هەرێمی‌ كوردستانم بەدەستهێنا، ئێستاش هەر بەهەمان نەفەسەوە ئامادەم بۆ هەر كارێكی‌ تر كە یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان پێمبسپێرێت".

قوباد تاڵەبانی‌ وتیشی "دەرگام لەهیچ پێشنیازێك دانەخستووە، بەو مەرجەی‌ لە بەرژەوەندی‌ كۆمەڵانی‌ خەڵكی‌ كوردستان و ئەو دەنگدەرانەمان بێت كە متمانەیان پێبەخشین ئەوەی‌ كە هەیە من چاوەڕوانی‌ گفتوگۆكانی‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستانم لەگەڵ لایەنی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، یەكێتی‌ هەر ئەرك و لێپرسراوێتییەكم پێبسپێردرێت من جێ‌ بەجێی‌ دەكەم" 





AM:09:44:05/12/2018