ڕوونكردنەوەیەك لە جێگری سەرۆك وەزیرانەوە

راوێژكاری راگەیاندنی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەكی لەبارەی دەنگۆی دەستگیركردنی منداڵێك بەفەرمانی قوباد تاڵەبانی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاندووە " ئەو پرسە بە هیچ شێوەییەك، دوور و نزیك، پەیوەندی نیە بە بەڕێز جێگری سەرۆك وەزیرانەوە".

لە ڕوونكردنەوەكەدا كە وێنەیەكی بۆ "سپی" نێردراوە هاتووە "بەدواداچوونیشمان كردووە وئەو پرسە پەیوەستە بە دادگاوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەك دەستێوەردان ناكەین لەكارووباری دادگاكان، بۆ ئەو مەبەستەش سكاڵای یاسایی پێشكەشی دادگا دەكەین لەوەی كە بێ بنەما ناوی بەڕێزیان زڕێندراوە".

خێزانێکی دانیشتووی کفرین، وەک خۆیان دەڵێن دوو مانگە کوڕە 16 ساڵەکەیان لەلایەن هێزەکانی دژە تیرۆری سەربە یەکێتییەوە لە کفری بە ناوی قوباد تاڵەبانییەوە لە ماڵ هێناویانەتە دەرەوە و، دواتر بەبێ ئاگاداریی دایک و باوکی دەستگیریان کردووە.

دەقی ڕوونكردنەوەكەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم:

روونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی

پاش بڵاو بوونەوەی هەواڵێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن، گوایە مێردمنداڵیكی گەرمیانی بە فەرمانی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران دەستگیراوە بە تۆمەتێكی نادیار و دواتر رەوانەی دادگای سلێمانی كراوە، بەپێویستمان زانی هەموولاییەك ئاگادار بكەینەوە كە؛ ئەو پرسە بە هیچ شێوەییەك، دوور و نزیك، پەیوەندی نیە بە بەڕێز جێگری سەرۆك وەزیرانەوە، ئێمە بەدواداچوونیشمان كردووە وئەو پرسە پەیوەستە بە دادگاوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەك دەستێوەردان ناكەین لەكارووباری دادگاكان، بۆ ئەو مەبەستەش سكاڵای یاسایی پێشكەشی دادگا دەكەین لەوەی كە بێ بنەما ناوی بەڕێزیان زڕێندراوە.

لەگەڵ ڕێزدا

سەمیر هەورامی
راوێژكاری راگەیاندنی جێگری سەرۆك وەزیران




PM:12:33:11/12/2018