قوباد تاڵەبانی لە پەیامێكدا داوا دەكات چارەسەری ماددی و مەعنەوی زیانلێكەوتووان و قوربانیانی دەستی داعش بكرێت، راشیدەگەیەنێت: پێویستە ئاسەوارەكانی ئەو گروپە تیرۆریستییە بسڕینەوە.
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لەمیانەی دیدارێكی لەگەڵ نادیە موراد چالاكوانی ئێزدی، كە ئەمڕۆ 13ی 12ی 2018، بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، لەهەولێر پێشوازی لێكرد، وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین بە وەرگرتنی ئەو خەڵاتە مەزنە لەلایەن كچێكی ئێزدییەوە، هیوای خواست نادیە موراد لە ئەرك و ڕاپەڕاندنی كارەكانی داهاتووی سەركەوتوو بێت و بە خاتونێكی ئازا و زیرەك وەسفیكرد.
ئاماژەی بەوەشدا، كە ئەو خەڵاتە پەیام و هاوسۆزیی جیهان دەردەخات بەرامبەر قوربانیانی تاوانەكانی گروپی تیرۆریستی داعش، كە دەرهەق بە هەموو گەلانی عیراق ئەنجامیان داوە.
قوباد تاڵەبانی، وتیشی: ئەوەی گرنگە ئاسەوارەكانی ئەو گروپە تیرۆریستییە بسڕینەوەو چارەسەری مەعنەوی و ماددی زیانلێكەوتووان و قوربانیانیش بكرێت.