لە ئەمساڵدا زیاتر لە یەک ملیۆن و ٩٣٣ هەزار گەشتیار لە ڕێگەی مەرزەکان و فرۆکەخانەی سلێمانی هاتونەتە پارێزگاکە.
عەلی ڕەئوف، بەرێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەرچەندە لەماوەی ئەمساڵدا لەلایەن تورکیاوە گەمارۆ ئاسمانییەکان لەسەر فرۆکەخانەی سلێمانی هەبووە بەڵام رێژەی هاتنی گەشتیاران بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٧ زیاتر لە ٦٠٠ هەزار گەشتیار زیادیکردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، لەماوەی ئەمساڵدا سێ هەزار و ١٢٧ پشکنین کراوە لەلایەن گەشتوگوزاری سلێمانی و بەهۆی پاپەندنەبوونیان بە ڕێنماییەکانی گەشتوگوزارەوە ١٨١ شوێن داخراون و ٧٠ شوێنییش سزا دراون.
باسی لەوەشکرد، بەهۆی نەبوونی بودجەوە نەیانتوانیووە پرۆژەی گەشتیاری گرنگ جێبەجێبکەن تەنها لە رێگەی ئەو پارە و ڕسوماتەی لە شوێنە گەشتیارییەکان وەریانگرتووە لەشەش پرۆژەی بچوکدا خەرجیان کردووە.
ڕونیشیکرەوە، لە داهاتوویەکی نزیکدا لەڕێگەی کەرتی تایبەت بە هەماهەنگی حکومەتی هەرێم، پرۆژەی گەشتیاری لەناو شاری سلێمانی جێبەجێدەکەن.
ئەوەشی ڕاگەیاند، ئەمساڵ ١٠% شوێنە گەشتیارییەکان لە چاو ساڵی ڕابردوو زیادیکردووە بە جۆرێک ١٣٥ شوێن مۆڵەتی گەشتیاریان وەرگرتوە.