پارەی کارمەندانی سەرسندوق لە بەغداوە گەیشتە هەرێم و دوای پشوەکانی سەری ساڵ دابەشدەکرێت

پارەی كارمەندانی رۆژی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عیراق گەیشتە هەرێم بڕیارە لەدوای پشووەكانی سەری ساڵ، دەست بە دابەشكردنی بكرێت.

عەلی قادر، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رایگەیاند، لەئێستادا پارەی سەرجەم كارمەندانی سەر سندوق و بەڕێوەبەری وێستگەكانی هەڵبژاردنەكەی 12ی 5ی 2018ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، گەیشتۆتە هەرێمی كوردستان و هیچ بەربەست و كێشەیەكیش لەبەردەم دابەشكردنیدا نەماوە.

 بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بۆ تۆڕی هەواڵی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد" بەهۆی پشووەكان و چەند ڕێكارێكی یاسایی، دابەشكردنی پارەكە دواكەوتبوو، دوای پشووەكانی سەری ساڵ، ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشكردنی ئەو پارەیە دەكرێت و سەرجەم ئەو كارمەندانەی لەڕۆژی هەڵبژاردنەكەدا چاودێری پرۆسەكەیان كردووە، پارەكەیان پێدەدرێت".

بڕی پارەی كارمەندانی سەر سندوقەكان لە 200 هەزار دینارەوە تا 300 هەزار دینارە كە چاودێر بوون لەڕۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.


PM:10:35:30/12/2018