سلێمانی...ئاماری ڕووداوەکانی شەوی سەری ساڵ بڵاوکرایەوە

بەھۆی ئاھەنگی سەری ساڵەوە لە سلێمانی 24 حاڵەتی نەخوازراو ڕوویان داوە و دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.

سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی تەندروستیی خێرای سلێمانی ژمارە (122) ڕایگەیاند "شەوی ڕابردوو بەھۆی ئاھەنگەکانی شەوی سەری ساڵەوە 24 کەس بەھۆی حاڵەتی جۆراوجۆرەوە بریندار بوونە، تیمەکانی فریاگوزاریش بەزوویی گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکان".

وتیشی "ئەو کەسانەی بریندار بوونە بەھۆی یاریی ئاگرین و تەقەمەنی و شەڕە چەقۆوە بووە، بەڵام برینی یەکێک لە بریندارانی شەڕە چەقۆکە قورس و مەترسیدارە و ئێستا لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدایە".

بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی تەندروستیی خێرای سلێمانی ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە ھەر شەوی ڕابردوو بەھۆی ڕووداوێکی ھاتوچۆوە لەڕێگەی تاسڵوجە - سلێمانی، دوو کەس گیانیان لەدەست داوە.



PM:03:30:01/01/2019