نرخی كارەبای مۆلیدە ئەهلیەكان دیاریكرا

لە سلێمانی خشتەی پێدانی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان بۆ مانگی كانونی دووەم دیاریكرا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەباش ئاشكرایدەكات، "بۆ هەر ئەمپێرێك كارەبا بەپێی كاركردنی مۆلیدەكە لەنێوان (10- 11) هەزار دینار لەهاوڵاتیان وەردەگیرێت".

سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی لەڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ "سپی میدیا" ناردوە، ڕایگەیاند، " نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری مۆلیدەی ئەهلی بە (42) دینار بۆ مانگی  12ی 2018 دیاریكراوە، موەلیدەكانیش بەتێكڕایی لەنێوان (240) بۆ (255) كاتژمێر كاریان كردووە، بەوەش نرخی ئەمپێرێك كارەبای مۆلیدە لە نێوان (10.000) بۆ (11.000) هەزار دینار دەبێت، كە بەپێی كاركردنی مۆلیدەكان نرخی ئەمپێرێك لەگەڕەكێكەوە بۆ گەڕەكێكی تر جیاوازە".

سەبارەت بە بەرنامەی كاركردنی موەلیدەكان بۆ مانگی یەك، وتەبێژەكەی كارەبای سلێمانی ئاشكرایكرد، "بەرنامەی مۆلیدە ئەهلییەكان ڕۆژانە لە كاتژمێر (2:00)ی پاشنیوەڕۆ بۆ (1:00) شەو، بەیانیان یەك كاتژمێر دەدرێت، لەو كاتانەدا كارەبای نیشتیمانی نەبوو مۆلیدە ئەهلییەكان كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابیندەكەن، بەڵام بۆ خشتەی ڕۆژانی هەینی و پشووەكان مۆلیدەكان بەیانیان كارناكەن و لەبری ئەوە كاتژمێر (12)ی نیوەروان كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابیندەكەن".

جەختیشیكردۆتەوە، پێویستە پاش كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی (10) خولەك زیاتر بەسەر دابینكردنی كارەبای مۆلیدە تێنەپەرێت، سەرپێچیكار بەگوێرەی ناوەرۆكی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی واژۆی كردووە ڕوبەروی یاسا دەكرێتەوە.

سەبارەت بە نرخی كارەبای یەكەكانی نیشتەجێبوون و سیتیەكان، سیروان محەمەد ئاماژەی بەوەكرد، "نرخی كیلۆواتێك كارەبا بە (218) دینار دیاریكراوە، بەڵام ئەگەر سیتیەكان وێستگەكانیان (KV11) بوو ئەوا (5) دینارو وێستگەكەی (KV33) بوو (10) دیناری بۆ زیاد دەكرێت". 




AM:10:31:02/01/2019