ژن و پیاوێک کوژران

ئەمیر حەسەن - ڕانییە

پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند لە گەڕەکی مام قاسمی شاری قەڵادزێ ژن و پیاوێک کوژران، لێکۆڵینەوەش لە روداوەکە بەردەوامە.

شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پولیسی ڕاپەڕین بە سپی میدیای ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە ٦ی کانونی دووەم  ژن و پیاوێک لە گەرەکی مام قاسمی شاری قەلادزێ بە فیشەک کوژراون و لێکۆڵینەوەی چڕ لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.

سپی زانیویەتی ژنەکە هاوسەرگیری کردووە، بەڵام ئەو پیاوەی کە لەگەڵیدا کوژراوە هاوسەری نەبوە و سەڵت بووە و ئامۆزا و پورزای یەکترن.

لەلای خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە ئێوارەی ئەمڕۆ کاتژمێر 5:15 خولەک دوو تەرم بە ناوەکانی ( پ . ئـ . ب ) لەدایک بووی 1992 ڕەگەزی مێ، پیشەی ژنی ماڵ، دانیشتووی قەڵادزێ گەڕەکی (ئیمام قاسم)، هەروەها (س . م . ئـ ) لەدایک بووی 1985 ڕەگەزی نێر دانیشووی هەولێر گەڕەکی فەرمانبەران، پیشەی کاسب، گەیەندرانە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ کە ئاسەواری فیشەکی چەکی ( دەمانچە ) بە جەستەیانەوە دیارە.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، کە بەڵگە و تاوانی پشدەر پشکنینی تەواویان بۆ شوێنی ڕووداوەکە کردووە، بەگوێرەی وتەی کەسوکاریان هەردوو تەرمەکە لە ماڵی توانلێکراو ( پ . ئـ . ب ) بوون و هەر لەوێش بە کوژراوی گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ

بەپێی راگەیەندراوەکە، ژنە تاوانلێکراوەکە دایکی 2 منداڵە و لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لەسەر ڕووداوکە دەستی پێکردووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەشی بۆ کراوەتەوە.





PM:06:51:06/01/2019