ھاتوچۆی ھەولێر ھۆشداری دەداتە شۆفێران

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتوچۆی ھەولێر، ھۆشداری و چەند ڕێنماییەكی بەھۆی ھاتنی شەپۆلێكی بەفربارین، بۆ سەرجەم شۆفێران بڵاوكردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی كانوونی دووەمی 2019، موقەدەم فازڵ حاجی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی ھەولێر، ھۆشداری و چەند ڕێنماییەكی بەڕێوەبەرایەتییەكەی بۆ سەرجەم شۆفێران لە ھەژماری تایبەتیی خۆی، بڵاوكردەوە، تێیدا ھاتووە "بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسیی ھەرێمی كوردستان، لەمڕۆ دوای عەسەرەوە، كەشوھەوا گۆڕانكاری بەسەردا دێت و ئاسمان دەبێتە ھەور، بارانبارینیش دەست پێ دەكات، لە درەنگانی شەویشەوە دەبێتە بەفر و سەنتەری شارەكانیش بە شاری ھەولێریشەوە دەگرێتەوە، بۆ ڕۆژی پینَجشەممە گۆڕانكارییەكە قووڵتر دەبێتەوە و لە سەرجەم ناوچە شاخاوییەكاندا بەفر دەبارێت، بەردەوامیش دەبێت تا ئێوارەی ڕۆژی ھەینی، لە دوایی كەشەكە دەگۆڕیت بۆ ساماڵ، لەگەل ھاتنی بارستە ھەوایەكی سارد و وشك كە لەگەڵیدا شەختە و بەستەڵەك دروست دەبێت".

ھاتوچۆی ھەولێر ئاگاداری شوفێران دەكاتەوە، كە لەمشەوەوە بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت، سەردانی ناوچە شاخاوییەكان نەكەن، چونكە لەم چەند ڕۆژە مەترسیدار دەبن، داوایان لی دەكەین كەپابەندی ئەم خاڵانەی خوارەوە بن:

1- لەكاتی چوونە ناوچە شاخاوییەكان زنجیریان پێ بێت، بۆ ئەوەی لەكاتی بەفربارین لە تایەی ئۆتۆمبێلەكانی بدەن.

2- بەخێراییەكی زۆر كەم لێخورین بكەن، چونكە ئاست و مەودای بینین زۆر كەم دەبێتەوە، كە ئەمە یارمەتییان دەدات بە ئاسانتر كۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەكانیان بكەن و تووشی ئەوە نەبنەوە كە برێكی لەناكاو بكەن.

3- لەناوەندی رَێگایەكان لانەدەن، تەنانەت بۆ ۆینەگرتنیش، چونكە لەم حاڵەتانە ناوەندی ڕێگایەكە سەلامەتترین شوێنە.

4-گڵۆپی تەم دابگیرسێنن بە بەردەوامی و لەكاتی ڕۆژیشدا، بۆ ئەوەی زیاتر بینراو بن.

5- دایكان و باوكان لەم چەند ڕۆژە پێویستە ڕێگا بە كوڕە ھەرزەكارەكانیان نەدەن كە لەگەڵ ھاوڕێیەكانیان بڕۆن بۆ ناو بەفر بۆ تاقیكردنەوەی توانای ئۆتۆمبێلەكانیان، بۆ ئەوەی حاڵەتی مانەوەی كە لە چەند ڕۆژی ڕابردووجا لەسەر چیای سەفین كەوتەوە، دووبارە نەبێتەوە، كە تێیدا چەندین كەس ژیانیان كەوتە مەترسییەوە.

6- ئاگادار بن لەكاتی چوونیان بۆ شەقڵاوە، چونكە ڕێگای چوون بۆ شەقڵاوە ئێستا بەشێكی لەژێر چاككردنەوەدایە، بەمەش ئەگەری تەسكبوونەوەی ڕێگایەكە ھەیە.



AM:11:47:16/01/2019