سەردار قادر هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان و پارێزگاری پێشووی سلێمانی لە پشكی بزوتنەوەكە رایگەیاند، كەس ناتوانێت ڤیتۆیان لەسەر دابنێت بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان.
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا سەردار قادر رایگەیاندووە، "هەموو بزوتنەوەیەكی سیاسی مافی خۆیەتی لەقۆناغە جیاوازەكاندا یا بەشداری لە حكومەتدا بكات یاخود ببێتە ئۆپۆزسیۆن، ئەمە بەبەری كەسدا نەبڕاوە تا دنیا دنیایە لەدەسەڵاتدا بێت یاخود ببێتە ئۆپۆزسیۆن".
ئاماژەی بەوەشكردووە، تا ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری یەكلاكەرەوەی نەداوە سەبارەت بە بەشداریكردن یاخود نەكردن لە حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان، دەشڵێت "ئەگەر كارنامەی بزوتنەوەی گۆڕان لە كارنامەی حكومەتدا هەبێت بڕیاری گشتی ئەوەیە كە بەشداری حكومەت بكرێت، بەڵام كاتێك كارنامەی حكومەت پێچەوانەی كارنامەی گۆڕان و تێڕوانینی گۆڕان بێت، ئەوكاتە بڕیاری بەشدارینەكردن دەدرێت".
سەردار قادر دووپاتیشیكردووەتەوە، ئەگەر گۆڕان لە میانی گفتوگۆ و دانوستانەكان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێم گەیشتە ئەنجام، خۆی بڕیار دەدات بەشداری لە حكومەتی داهاتووی هەرێم بكات، ئەگەریش نەگەیشتە ئەنجام هەر خۆی بڕیاری بەشدارینەكردن دەدات، بۆیە هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت لەسەر ئەو پرسە مەرج و ڤیتۆی هەبێت.