فازیل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت دەمانەوێت "پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ یەكێتی بێت بەڵام بەو مەرجەی بۆ كاك قوباد تاڵەبانی بێت چونكە كاك قوباد نیوەی هی یەكێتیە،نیوەی هی پارتی-یە"، قوباد تاڵەبانیش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت "هەرگیز نە پارتی بووم و نە دەبم".
لە وتووێژێكی بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا لەگەڵ فازیل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان باس لەهۆكاری دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت،كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی لەئێستادا.
هەروەها لەبارەی دابەش كردنی پۆستەكان دەكات، میرانی دەڵێت "پارتی پێی باشە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ گۆڕان بێت، وە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ یەكێتی بێت بەڵام بەو مەرجەی بۆ كاك قوباد تاڵەبانی بێت چونكە كێشەی یەكێتی ئێستا پۆست نیە بەڵكو یەكێتی كێشەی كاك قوبادی هەیە، ئێمە دەمانەوێت وەك هاوبەشێك یارمەتی یەكێتی بدەین لەچارەسەركردنی ئەو كێشەیەدا چونكە كاك قوباد نیوەی هی یەكێتیە، نیوەی هی پارتی-یە،باشە ئەگەر جێگری سەرۆك وەزیران نەبێت ئەی چی لەكاك قوباد بكەین؟".
دەربارەی بەشداری بزوتنەوەی گۆڕانیش لەحكومەت، میرانی وتی" گۆڕان پێی وتوین بەشدار دەبین لەحكومەت و "ڕەغبەت"مان هەیە، هەروەها ئاماژە بەكۆبونەوەی سێ قۆڵی نێوان پارتی، یەكێتی، گۆڕان دەكات، لەبارەی ئەگەری بەشداری نەكردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەحكومەت و دوو ئیدارەیش دەڵێت"یەكێتی نابێتە ئۆپۆزسیۆن،بەڵام پارتی هەوڵی تەواوی ڕێكەوتن دەدات ئەمە ڕونەدات، هەرچەندە حكومەتی ئێمە نە لە ئێستا نە لە ڕابردوو دەسەڵاتی نەبووە بەسەر ناوچەی سلێمانیدا".
لە وەڵامدا و لە ڕوونكردنەوەیەكدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت ڕایگەیاند "بەندە كەسێكی كوردستانیم و كوڕی رابەرو دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان مام جەلال تاڵەبانیم و نیوەم هی هیچ حزبێكی تر نییە و موڵكی كەسیتر نیم، تەنها یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیمو هەرگیز نە پارتی بوومو نە دەبم. ئەو هاوئاهەنگی و پەیوەندییە باشەشی لەگەڵ هەڤاڵانی پارتیدا هەمبوە لە چوار ساڵی رابردووی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسۆنگەی پەرۆشی و دڵسۆزی بووە بۆ فەراهەمكردنی ئارامی و برەودان بە كاری پێكەوەیی لەپێناو خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و تێپەڕاندنی گرژییەكانی رابردوو، بۆیە هیچ شیاو نییە خراپ كەڵكی لێوەربگیرێت و بەلاڕێدا ببرێت و هەوڵ بدرێت بۆ ئامانجی تر بەكاربهێنرێت".
هەروەها دەڵێت "من شەرەفی ئەوەم پێبڕدرا سەرۆكی لیستی یەكێتیی نیشتمانیی بم لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان، هەر پۆست و پلەو پایەیەكیش وەربگرم لەقۆناغی داهاتوودا لەسەر داواو پێشنیارو بڕیاری تەنها یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەبێت نەك هیچ كەسو لایەنێكی تر".
جێگری سەرۆكی حكومەت هەروەها رشایگەیاندووە "هیچ كات لەناو یەكێتی كێشە لەسەر پۆست و پێگەی داهاتوی قوباد تاڵەبانی نەبووەو نییە، ئەگەر هەر گفتوگۆو ڕا گۆڕینەوەیەكیش لەسەر شێوازی بەشداریكردنی یەكێتی لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێم هەبێت، بابەتێكی ناوخۆیی حزبییەو هیچ بوارێكی تێدا نییە بۆ ئەوەی لایەنیتر قسەی تێدا بكەن و ئەو بابەتانە لەچوارچێوەی سەركردایەتی و بنكەی جەماوەریی یەكێتی یەكلایی دەكرێنەوەو بڕیاری پێویستیان لەبارەیەوە وەردەگیرێت وەك چۆن لەپێشتریش هەر وا كراوە".
سەبارەت بە پۆستی وەزارەتی داد ناوبراو ڕایگەیاند ئێمە كاتی خۆی ڕێكەوتنمان لەگەڵ یەكێتی كرد لەبەغداد" كاك نێجیرڤان لەگەڵ كاك كۆسرەت و كاك پاڤێڵ" ئەنجامیاندا، ڕێكەوتنەكە بەوجۆرە بوو ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ پارتی بێت ئەوا هەموو پۆستە وەزارییەكانی تر لە بەغداد بۆ یەكێتی دەبێت لەگەڵ دوو ساڵی سەرۆكایەتی حكومەت، یەكێتی ئەو ڕێكەوتنەی پێشێل كرد، بۆیە ئەگەر پێكهێنانی حكومەتی هەرێم ببەستینەوە بە وەزارەت داد لەبەغداد ئەوا بەڕاستی بەكەڵكی ڕابەرایەتی ئەم میللەتە نایەین، چونكە هەر خۆی وەزارەتی داد هیچی بەدەست نیە، دوای ئەوە وەزارەتێكی وەك داد چیە تا سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و پەرلەمانی هەرێمی پێەوە ببەستینەوە؟! لای ئێمە هەرێمەكەمان گرنگترە لەوەزارەتێك كە هیچ دەسەڵاتی نەبێت، با كاندیدێك دیاری بكەین نە پارتی یا یەكێتی بێت یا هەڵبژاردنەكە" ئیختیارەكە" بدەینە دەست سەرۆك وەزیرانی عیراق."
سەبارەت بە دانانی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كورد "ئەگەر یەكێتی دەڵێت هۆكاری دانەنانی پارێزگاری كورد بۆ كەركوك ئەندامانی پارتین لە ئەنجومەنی پارێزگا ئەوە با گرەنتیەك بدەن بەكورد بڵێن ئەگەر پارێزگارێكی كوردی یەكێتی دانرا كەركوك دەگەڕێتەوە بۆ كورد ئەوا من لە ئێستاوە بۆیان ئیمزا دەكەم، بەس "وەڵاه" وانیە."
وتیشی" كۆمەڵێك برادەر لەكەركوك-ن دەیانەوێت ئەو كونە گەورەیە بە پارێزگارێكی قوڕبەسەر پینەدۆزی بكەنەوە،بەس ئەو كونە گەورەیە بە پارێزگارێك پینەدۆز ناكرێتەوە."