نرخی كارەبای مۆلیدە ئەهلیەكان دیاریكرا

بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی نرخی ئەمپێری مۆلیدەی ئەھلییەكانی بۆ ئەم مانگە دیاریكرد و كاتەكانی پێدانی كارەباشی ئاشكراكرد.
سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی رایگەیاند، نرخی ھەر كاتژمێرێك ئەمپێری كارەبای مۆلیدەی ئەھلی لە مانگی كانونی دووەم (٧٥.٤٠) دینار دەبێت.

روونیشیكردەوە، لەم مانگەدا مۆلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی بەتێكڕایی لەنێوان ٢٤٠ بۆ ٢٨٠ كاتژمێر كاریانكردووە، بەوەش نرخی ئەمپێرێك لە نێوان ١٠ بۆ ١١ ھەزار دینار دەبێت و نرخی ئەمپێڕێك لە گەرەكێك بۆ گەرەكێكی تر جیاواز دەبێت.

سەبارەت بەبەرنامەی كاركردنی مۆلیدەكان بۆ مانگی شوباتی داهاتوو، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی رایگەیاند، "بەرنامەی مۆلیدە ئەھلییەكان رۆژانە لە كاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆ بۆ ١ی شەو و بەیانیانیش كاتژمێر ٧ بۆ ٨ و نیوی بەیانی دەبێت، ھەركاتێك كارەبای نیشتمانی نەبوو لەو كاتانەدا مۆلیدە ئەھلییەكان كارەبا بۆ ھاوڵاتییان دابیندەكەن، ، بەڵام رۆژانی ھەینی بەیانیان كارناكەن و لەبری ئەوە پێشنیوەڕۆیان كاتژمێر ١١ و ٣٠ خولەك كار بە مۆلیدەكان دەكەن.

دووپاتیشكردەوە، پێویستە پاش كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی ١٠ خولەك زیاتر بەسەر دابینكردنی كارەبای مۆلیدە تێنەپەرێت، بەپێچەوانەوە، سەرپێچیكار رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە.

سەبارەت بە نرخی كارەبای یەكەكانی نیشتەجێبوون و سیتییەكانیش، سیروان محەمەد رایگەیاند، نرخی كیلۆواتێك بە (٢١٤) دینار دیاریكراوە، بەڵام ئەگەر سیتییەكان وێستگەكانیان ١١ كەیڤی بوو ئەوا ٥ دینار و وێستگەكەی ٣٣ كەیڤی بوو ١٠ دیناری بۆ زیاد دەكرێت.




PM:12:11:31/01/2019