دەمیرتاش بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێشنیاز دەكرێت

پارتی سۆسیالیست دیموكراتیی سویدی سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، پێشنیاز دەكات، جێگری سەرۆكی ئەو پارتەش دەڵێت " لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا، ژیانی خۆی بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی لە نیوان كورد و توركیا تەرخان كردووە و داوای مافی ژنان و كەمەنەتەوەكان دەكات".

تۆماس هامربێرگ، جێگری سەرۆكی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی سویدی رایگەیاندووە، سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان "هەدەپە" لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا، ژیانی خۆی بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی لە نیوان كورد و توركیا تەرخان كردووە و داوای مافی ژنان و كەمەنەتەوەكان دەكات.

جێگری سەرۆكی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی سویدی پێشنیازی كردووە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2019 بدرێتە سەڵاحەدین دەمیرتاش، چونكە ئازایانە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد بە ئاشتی، هەوڵی داوە، هەرچەندە خراوەتە زیندانیشەوە

 بەرەبەیانی ڕۆژی ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦، هەریەكە لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ، هاوسەرۆكانی هەدەپە و ١١ پەرلەمانتاری تری هەدەپە، بە تۆمەتی بوونی پەیوەندییان بە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە دەستگیركران.


لەلایەن دادگاكانی توركیاوە سزای زیندانیكردن بەسەر دەمیرتاش و یوكسەكداغ و نۆ پەرلەمانتاری هەدەپەدا سەپێنرا و هەر ئێوارەی ئەو ڕۆژە دەمیرتاش دوورخرایەوە بۆ زیندانی جۆری ئێف لە شاری ئەدرنەی باكووری ڕۆژئاوای توركیا.

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ١٠ی نیسانی ١٩٧٣ لە شارۆچكەی پالۆی سەر بە شاری ئەلازیخ لە باكووری كوردستان لە دایكبووە. باوكی ناوی تاهیر و دایكیشی ناوی سادییە، شەش خوشك و برای هەیە و برایەكی گەریلایە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی ٢٠٠٢ هاوسەرگیریی لەگەڵ كچێكی هاوڕێی منداڵیی بە ناوی باشاك كردووە، كە لە ئێستادا پیشەكەی مامۆستایە. سەڵاحەدین و باشاك دوو كچیان بە ناوەكانی دەلال و دلدا هەیە.

دەمیرتاش كۆلێژی یاسای لە زانكۆی ئەنقەرە تەواو كردووە و بووە بە پارێزەر. لە ساڵی ٢٠٠٦ دەبێتە سەرۆكی نووسینگەی كۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهەدە) لە ئامەد.

لە ساڵی ٢٠٠٧ لەلایەن دەتەپەوە وەك پاڵێوراوی سەربەخۆ لە شاری ئامەدەوە بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا كرد وسەركەوتنی بە دەستهێنا.

لە دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٩ بە بڕیاری دادگای حكومەتی توركیا دەتەپە داخرا سەڵاحەدین دەمیرتاش بەردەوامیی كارە سیاسییەكان گواستەوە بۆ ناو حزبی ئاشتی دیموكراسی (بەدەپە). لە دووەمین كۆنگرەی بەدەپە و لە ساڵی ٢٠١٠ بۆ پۆستی هاوسەرۆكایەتیی ئەو حزبە هەڵبژێردرا.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا لە ساڵی ٢٠١١ لە جۆڵەمێرگەوە وەك پاڵێوراوی سەربەخۆی بەشداریی لە هەڵبژاردندا كرد و لەو خولەشدا سەركەوتنی بەدەستهێنا و بوو بە نوێنەری خەڵكی جۆڵەمێرگ لە پەرلەمانی توركیا.

لە دوای ئەوە لە ساڵی ٢٠١٢ پارتی دیموكراتیكی گەلان (هەدەپە) دامەزرێنرا، بوو بە هاوسەرۆكی هەدەپە و تاوەكو ئێستا لە ناو هەدەپە بەردەوامە لە كارە سیاسییەكانی.

لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیادا ١ی تشرینی ٢٠١٥ خۆی لەسەر لیستی هەدەپە و لە شاری ئیستانبولەوە بۆ پەرلەمانی توركیا پاڵاوت. لە ئێستادا هەدەپە خاوەنی ٥٩ كورسییە لە پەرلەمانی توركیادا.

ساڵانە لە مانگی تشرینی یەكەم ناوی براوەكانی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئاشكرا دەكرێت و لە مانگی كانوونی یەكەمیش لە رێوڕەسمێكی شایستەدا، لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج، خەڵاتەكە دابەش دەكرێت.

دەمیرتاش لە مانگی 11ـی 2016 بەتۆمەتی ئەندامبوون لە "رێكخراوێكی تیرۆریستی"، كە مەبەستی حكوومەتی توركیا ئەندامبوونە لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)یە، دەستگیر كراوە و لە گرتووخانەی شاری ئێدیرنە لە باكووری رۆژئاوای توركیا، زیندانی كراوە.



PM:02:01:03/02/2019