بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزموونەكانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بڕیاریدا ئەو خوێندكارەی گزی (قۆپیە) لەهەر وانەیەكدا بكات سفری بۆ دادەنرێت و ئەگەر لە خولی دووەم نمرەی بەرزیش بێنێت، ئەوا تەنیا 50 نمرەی بۆ دادەنرێت.
بەپێی بڕیاری ژمارە (٤٨٧)ی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزموونەكانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم كە لە رۆژی (2ی كانوونی دووەم) دەرچووە چەند بڕیارێك لەبارەی گزیكردنی خوێندكاران دراوە.
لە بڕیارەكەی وەزارەتی پەروەردەدا، ئاماژە بەوەكراوە هەر خوێندكارێك لە تاقیكردنەوەی نووسینەكی (20%)ەكە، گزی بكات سفری بۆ دادەنرێت.
لەبارەی گزیكردن لە تاقیكردنەوەی وەرزی یەكەم و دووەم كە 60 نمرەی لەسەرە بۆ پۆلەكانی چوار تا 8ی بنەڕەتی و پۆلەكانی (10 و 11)ی ئامادەیی، وەزارەتی پەروەردە دەڵێت "خوێندكار گزی لەهەر وانەیەكدا بكات، سفری لەو وانەیە بۆ دادەنرێت و راستەوخۆ تاقیكردنەوەكەی دەكەوێتە خولی دووەم، تەنانەت ئەگەر بە تێكڕای نمرەی تاقیكردنەوەی وەرزێك و ھەڵسەنگاندنەكانیش دەربچێت".
بەپێی بڕیارەكە، ئەگەر ئەو خوێندكارەی خراوەتەوە خولی دووەم، ئەگەر لە خولی دووەم نمرەی بەرزیش بێنێت، ئەوا تەنیا 50 نمرەی بۆ دادەنرێت.