ئاسایشی سلێمانی: گومانمان هەیە خاكی هەرێم بۆ ترانزێتی مادە هۆشبەرەكان بەكاربێت

ئاسایشی سلێمانی زانیاریەكی لەبارەی مادە هۆشبەرەكانەوە ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، "گومانمان هەیە خاكی هەرێم بۆ ترانزێتی مادە هۆشبەرەكان بەكاربێت".

عەمید جەلال ئەمین بەگ، بەڕێوەبەری نەهێشتی مادە هۆشبەرەكان لەبەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "لەسنوری سۆران و دهۆك و زاخۆ دەستگیراوە بەسەر 200 كیلۆ هێرۆیین ئەم ڕێژەیەش ئێجگار زۆرەو ئەوەندە بەكارهێنەرە لەهەرێمدا نییە".

ناوبراو مەترسیەكانی نەشاردەوە و وتی "ئێمە گومانمان هەیە كە خاكی هەرێم وەكو ترانزێت بۆ گواستنەوەی مادە هۆشبەرەكان بەكاربێت، بۆیە ئێمەش بەردەوام چاومان كراوەیە بۆ بڕینی دەستی هەموو ئەو بازرگانە چاوچنۆكانەی خاكی وڵاتەكەمان بەم مادانە پیس دەكەن".

وتیشی "ترسناكترین جۆری مادەی هۆشبەر، شیشەیە، چونكە بەكارهێنەرانی بۆ ماوەی شەش مانگ شێت دەبن و كەسێكی خراپ دەبێت لەكۆمەڵگەدا، دوای ئەویش هێرۆیینە كە ئەو دوو جۆرە زۆر مەترسیدارە".

هەروەها ئەوەی ئاشكراكرد "كەزۆرترین ئەو مادانەی دەهێنرێنە هەرێم لەجۆرەكانی (تریاك، حەشیش، هێرۆین و شیشە)یە، بەڵام بەهەوڵی خەمخۆرانی ئەم وڵاتەو كوڕانی ئاسایش، بەردەوام دەستیان بەسەردادەگیرێت و ڕێگری لەبڵاوبونەوەی دەكرێت".




PM:12:13:07/02/2019