كارەبای سلێمانی پێوەری زیرەك بۆ خانووە بێ تاپۆكان نابەسترێت

وتەبێژی كارەبای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگەنامەیەكی یاسایی كارەبای سلێمانی پێوەری زیرەك بۆ خانووە بێ تاپۆكان نابەستێت.

سیروان محەمەد، وتەبێژی كارەبای سلێمانی لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند "ناتوانین كارەبا بەو گەڕەكانە بدەین كە تاپۆیان نییە، بەوپێیەش پێوەری زیرەكیان بۆ نابەسترێت".

وتیشی: داوامان لە پارێزگار و قایمقامیەتی سلێمانی كردووە، هەرچی زووە ئەو بابەتە یەكلایی بكەنەوەو چارەسەرێكی گونجاو بۆ خانووە بێ تاپۆكان بدۆزنەوە، بۆئەوەی لەكاتی بەستنی پێوەری زیرەكی كارەبا، كە لەئایندەیەكی نزیكدا بۆ ماڵان دادەنرێت، كێشەمان بۆ دروست نەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد: ئەو شوێنانەی كە تاپۆیان نییە، لەكاتی هێنانی پشتگیری ناحیە، یان قایمقامیەت، پێوەرەكەیان بۆ دەبەسترێت.



PM:03:46:08/02/2019