هەموو بازگەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی عێراق لابران


بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 17ی شوبات رایگەیاند"هەموو ئەو بازگانە لابران و ڕێگاکان لەبەردەم جووڵەی بازرگانی و سەرجەم هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا ئازاد کران”.

سامان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرکی هەرێمی کوردستان، لە شارۆچکەی پردێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا رایگەیاند "بەهۆی ئەو گرژی و ئاڵۆزیەی، کە پێشتر لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا بوو، بەداخەوە باجەکەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و عێراق بەگشتی دای، بەڵام بەختەوەرانە دوێنێ شەممە 2019.2.16 وەکوو دوا کات بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارەی 13ی ساڵی 2019ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، هەموو ئەو بازگانە لابران و ڕێگاکان لەبەردەم جووڵەی بازرگانی و سەرجەم هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی وکوردستاندا ئازاد کران”.

بەڕێوەبەری گشتی گومرکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد "ئەم بڕیارە کارێکی شیاو و گونجاو بوو، کە ئاسۆیەکی نوێ و ڕوون ئەخاتە بەردەم جووڵەی بازرگانیی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسێکی دیکە کە ئەمڕۆ یەکشەممە 2019.2.17 خرانە بواری کردارەوە، ئەویش جێبەجێکردنی پێناسەی نوێی گومرگی بوو لە نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەنددا، کە ئەم پێناسەیە نە ئەو پێناسەیە، کە ڕابردوو لەلایەن ناوەند و هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ کراوە".

هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران عێراق بۆ لابردنی خاڵە گومرکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، دوێنێ خاڵ و بازگە گومرکییەکانی دهۆک بۆ موسڵ، هەولێر بۆ کەرکوک و سلێمانی بۆ کەرکوک بە فەرمی لابران و جموجۆڵە بازرگانییەکان وەگەڕ کەوتنەوە بەبێ دانانی باجی گومرگی.




AM:11:47:17/02/2019