سلێمانی.. بەتۆمەتی تەقەکردن لە چەند یانەیەکی شەوانە تۆمەتبارێک دەستگیرکرا

پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند، کە تەقەی لە چەند یانەیەکی شەوانە کردووە و شوێنەواری فیشەكیش بە یانەکانەوە دیاربووە .

لە راگەیەندراوێکدا  بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە، شەوی 21ی شوباتی 2019، لەناو سنوری گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی كەسێك پشێوی و ئاژەوە دروست دەكات و تەقە لەسێ‌ یانەی شەوانە دەكات، دەستبەجێ‌ هێزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرچنار گەیشتنە شوێنی ڕوداوەكەو كەشف و هێڵكاری بۆ شوێنەكە كرا و لێكۆڵینەوەكان دەستیانپێكرد.

ئەوەشهاتووە، لەپاش وەرگرتنی فەرمانی بەڕێز دادوەر و وەرگرتنی كامێراكانی چاودێری و ناسینەوەی وێنەی تۆمەتبار توانرا لە ماوەی كەمتر لە 24 كاتژمێر تۆمەتباری ڕوداوەكە دەستگیربكرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر دەمانچەیەكدا كە بەتۆمەتبار بووە .

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا  پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا تۆمەتبار (أ ، ك ، أ ) دانیشتوی شاری سلێمانی و لەدایكبووی 1987 ، بەفەرمانی بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 430 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو بەپێی دوو مادەی 431 لەیاسی سزادانی عیراقی چارەنوسی دواخراوە . 




PM:01:38:23/02/2019