وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم لە پلانیدایە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بۆ ٢٠ کاتژمێر لە رۆژێکدا زیادبکات و زیادکردنەکەش لە مانگی داهاتووەوە جێبەجێدەکرێت.
محەمەد ئەمین ھەورامی، ڕاوێژکاری وەزارەتی کارەبا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهۆی كەمبوونەوەی شەپۆڵی سەرما کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا زیاد دەبێت.
وتیشی، لە ئێستادا شەو و رۆژ 12 كاتژمێر كارەبا دەدرێتە هاووڵاتیان، ئەگەر شەپۆڵێكی سەرما هەبێت، ئەوە كەمتر بووە، بەڵام چەندە لە زستان دوور بكەوینەوە، كارەباش خواستی لەسەر كەم دەبێتەوە.
هەورامی ئاشکراشیکرد، بۆ مانگی داهاتوو بە تایبەت لە مانگی 4 و 5 پێدانی كارەبا بە هاووڵاتیان بەرز دەبێتەوە بۆ 20 كاتژمێر.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی زیادكردنی غازی سرووشتی، وێستگەكانی كارەبا زۆربەیان بە غازی سروشتی كار دەكەن و خەرجیەكانیان لەسەر حكوومەت كەم بووەتەوە.