وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێم رادەگەیەنێت نابێ هیچ كه‌س و لایه‌نێك تۆمه‌تبار بكرێ تا لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ڕه‌سمی یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه‌و دۆسیه‌كانیان ساخ ده‌كه‌نه‌وه.
لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست "سپی" کەوتووە تیایدا وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێم لەبارەی هەوالیکی کەناڵێکی تەلەفزیۆنی لەسەر بڕوانامەی سەختەی سەرۆکی زانکئ هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە"هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك سكاڵای هه‌بێ و به‌دۆكیۆمێنت بیسه‌لمێنێت كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، وه‌ك چۆن له ڕابردودا كارمان له‌سه‌ر كردوه".
ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه:
كه‌ناڵی (ئێن ئاڕ تی) له هه‌واڵه‌كانی شه‌وی ڕابردویدا ڕاپۆرته هه‌واڵێكی له‌سه‌ر سه‌رۆكی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه بڵاوكرده‌وه، بۆیه وه‌ك وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌پێویستی ده‌زانین بۆ ڕای گشتی و كه‌ناڵه‌كه ئه‌م ڕاگه‌ینراوه بڵاوبكه‌ینه‌وه.
وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه دوای وروژاندن و باسكردنی له ڕاگه‌یاندنه‌كان، ئاگاداری وردی ئه‌م كه‌یسه‌یه، كه له ڕاپۆرته‌كه‌دا باسكراوه، بۆیه وه‌ك ئه‌ركی سه‌ره‌كی خۆمان و له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه بۆ ده‌رخستنی راستیه‌كان، به‌دواداچونمان بۆ كه‌یسه‌كه كردوه، له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه وه‌زاره‌ت به نوسراو كه‌یسه‌كه‌ی ئاراسته‌ی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هه‌رێمی كوردستان كردوه، له ئێستادا له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌سته‌یه لێكۆڵینه‌وه له ڕاستی و دروستی ده‌كرێت و، چاوه‌ڕێی بڕیاری ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هه‌رێمی كوردستانین بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی.
وه‌ك وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و لایه‌نی به‌رپرس، هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك سكاڵای هه‌بێ و به‌دۆكیۆمێنت بیسه‌لمێنێت كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، وه‌ك چۆن له ڕابردودا كارمان له‌سه‌ر كردوه، بۆیه هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌یه‌ك یان دۆكیۆمینتێكی له‌سه‌ر كارێكی نایاسایی یان گه‌نده‌ڵی هه‌یه داوا ده‌كه‌ین پێشكه‌شی وه‌زاره‌ته‌كه‌مانی بكات، هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوا له ئاماده‌كارانی ئه‌م ڕاپۆرته هه‌واڵه ده‌كه‌ین هه‌ر دۆكیۆمێنت و به‌ڵگه‌یه‌كیان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته هه‌یه پێشكه‌شی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هه‌رێمی كوردستانی بكه‌ن تا كاره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی و ڕێكتر ڕیچكه‌ی خۆی بگرێ.
له هه‌مان كاتدا وه‌زاره‌ته‌كه‌مان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه، كه نابێ هیچ كه‌س و لایه‌نێك تۆمه‌تبار بكرێ تا لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ڕه‌سمی یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه و دۆسیه‌كانیان ساخ ده‌كه‌نه‌وه، چونكه ئه‌و كه‌سه‌ی كه له ڕاپۆرته هه‌واڵییه‌كه‌ی شه‌وی ڕابردوی كه‌ناڵی (ئێن ئاڕ تی) ناوی بڵاوكراوته‌وه، خوێندنی (به‌كالۆریۆس، ماسته‌ر و دكتۆرا)ی له هه‌رێمی كوردستان ته‌واو كردوهه و، ڕێكاره یاسایی و كارگێڕی و زانستییه‌كانی له كوردستان بڕیوه.
له كۆتایداو، بۆ دڵنیایی له‌سه‌ر قۆناخه‌كانی به‌دواداچونی ئه‌و كه‌یسه، ده‌توانن په‌یوه‌ندی به ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و ئاشنایی قۆناخه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئه‌و دۆسییه ببن.