لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان یەکێتی و پارتی بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی کەرکووک پێکدەهێندرێت

بەمەبەستی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک لیژنەیەکی هاوبەش لە نیوان یەکێتی و پارتی پێکدەهێندرێت، سبەینێش لیژنەکە دەستبەکارەکانی دەکات.
 
رزگار عەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و تاکە کاندیدی فەرمی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ئەو حزبە بە بەرووداوی وتووە "ئێمە هەم بۆ کەرکووک و هەم بۆ بەغداش بڕیاری ئەوەمانداوە بەیەک تیم کاربکەین، چونکە زۆر کەس وابیر دەکەنەوە بابەتەکە پۆستە، نەخێر دوێنێ و پێشتریش دوور و نزیک باسی پۆست نەکراوە،

وتیشی، لەناو رێککەوتنە سیاسییەکە بابەتی ئاسایی بوونەوەی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی تێدایە، بابەتەکە تەنیا کەرکووک نییە، خورماتووە، خانەقینە، شنگالە، مەخمورە، شوێنەکانی دیکەی پەیوەندیدار بەماددەی 140ە، لەسەر ئەوەش رێککەوتین کەچۆن ئەو کارە دەکەین، لەهەمووشی گرنگتر کارێک بکەین ئەم ناوچانە دەسەڵاتی مەدەنی تێدابێ".

رزگار عەلی وتیشی، "ئەوەی لەسەر رێککەوتوون هێندەی مەبدەئی هاوبەشی و کارکردنی پێکەوەییە، هێندە پۆست و پێگە نییە". 

بەپێی زانیارییەکانی ئەو میدیایە لیژنەکانی ئاساییبوونەوەی پارتی و یەکێتی دەبنە یەک لیژنە، دەچنە بەغدا بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سەربازی لەکەرکووک کۆتایی پێبهێنن، ئەو پۆستانەی لەکورد سەندراونەتەوە بگەڕێندرێنەوە، هەمان ئەو لیژنەیە دانوستاندن لەگەڵ پێکهاتەکانی کەرکووکیش دەکات.

هاوکات شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک  ئاماژەی بەوەکردوە،"لە ئێستادا تەنیا پارتی لیژنەی ئاساییبوونەوەی هەیە، دەتواندرێت یەکێتیش بێنە لیژنەکەوە و فراوانتر بکرێ، بۆ ئەوەی بابەتی ئاساییکردنەوەکە خێراتربکرێت و دۆخەکە زووتر کۆتایی پێ بێت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک وتیشی، کاتێک پارتی دەچێتەوە کەرکووک، کە حاڵەتی سەربازی نەمێنێ و مەلەفی ئەمنی بگەڕێتەوە بۆ کەرکووکییەکان، ئەوکاتە پارتی بارەگاکانی دەکاتەوە".




PM:10:15:05/03/2019