کۆبوونەوەی پەرلەمان بەهۆی یەکێتی یەوە دواکەوت

کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیار بوو رۆژی یەک شەممە ١٠ ی ئازار سازبکرێت، بەهۆی ئامادە نەبوونی یەکێتی یەوە کۆبوونەوەکە دوا خرا.

ئەبوبەکر هەڵەدەنی پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان، بە" سپی " راگەیاند" بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان و هەڵبژاردنی لیژنەکان بڕیار بوو رۆژی یەک شەممە پەرلەمانی کوردستان کۆبێتەوە، بەلآم ئەو کۆبوونەوەیە دواکەوت".

هۆکاری دوا کەوتنی کۆبوونەوەی پەرلەمان، دەگەڕێتەوە بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەبوبەکر هەڵەدنی وتی" تا ئێستا یەکێتی کاندیدی خۆی بەفەرمی نەداوە بەسەرۆکایەتی پەرلەمان، تا هەڵبژاردن بۆ سەرۆکی پەرلەمان بکرێت، هەروەها هێشتا یەکێتی بەربژێری خۆی بۆ لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان رانەگەیاندووە کە ١٥ لیژنەیە".

ناوبراو بەدوری نەزانی کە کۆبوونەوەکە بکەوێتە کۆتایی هەفتە، تا یەکێتی بەربژێرەکانی خۆی بەفەرمی ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکات.

بڕیاربوو ئەمرۆ ٨ ی ئازار سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبێتەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە نێوان هەردوو بەربژێر، بێگەرد تاڵەبانی و رێواس فایەق یەکلایی بکاتەوە، بەلآم بەبێ دیاریکردنی هۆکەی کۆبوونەوەکە تا کاتێکی نادیار دواخرا.

ئەوە لە کاتێکدایە کە زانیاری ئەوە هەیە کە ناکۆکی لەنێوان سەرکردایەتی یەکێتی دا هەیە، لەسەر ئەو پۆستەو زۆرێک لە پۆستەکانی تری پشکی یەکێتی لە سەرۆکایەتیەکانی پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم. 
 




PM:08:06:08/03/2019