بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند " هەفتەی داهاتوو، پەرلەمانی کوردستان دەست بە کارەکانی تایبەت بە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات". هەروەها دەڵێت" سەرۆکی حکوومەتی داھاتووی کوردستان، رۆڵی دەبێت لە دیاری کردنی کاراکتەرەکانی ناو حکوومەت".
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی باسنیوزی ڕاگەیاند ”دەبێ پەرلەمان یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان کارابکاتەوە، کە یاساکە ھەموار کرایەوە، بەپێی ناوەڕۆکی یاساکە، سەرۆکی ھەرێم مامەڵە دەکات، دوای ئەوەی ھەڵبژێردرا، سەرۆک وەزیران ڕادەسپێدرێت کە حکوومەت دروست بکات، بەربژێری سەرۆک وەزیرانیش دەست دەکات بە پرۆسەی پێکھێنانی حکوومەت، رەنگە ھەفتەی داھاتوو پەرلەمان کۆببێتەوە و دەست بکات بە کاری خۆی و یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانیش ھەموار دەکرێتەوە".
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێیوایە، ڕێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی ”کاریگەرییەکی زۆر دەخاتە سەر پێکهێنانی حکوومەت و پرۆسەی دانوستاندنی حزبەکان".
ئەو دەڵێت "بۆ پشکەکانی یەکێتی و حزبەکانی دیکە، سەرۆک وەزیران بەرپرسیار و کەسی یەکەمە لە دیاریکردنی کەسەکانی ناو حکوومەت. ئەمەش دوای ئەوەی حزبەکان بەربژێری خۆیان پێشکەش دەکەن، بەڵام وەک سەرۆکی حکوومەتی داھاتووی کوردستان، رۆڵی دەبێت لە دیاری کردنی کاراکتەرەکانی ناو حکوومەت".