سلێمانی...ئامادەكارییەكان بۆ ڕۆژانی نەورۆزی ئەمساڵ ڕاگەیەندرا

لیژنەی ئەمنی سلێمانی ئامادەكارییەكانی بۆ ڕۆژانی نەورۆزی ئەمساڵ ڕاگەیاند و گەشتوگوزاری سلێمانیش پێشبینی هاتنی گەشتیاری زیاتری بۆ شارەكە كرد و پشووەكانیش ڕاگەیەندران

ئەمڕۆ چوارشەممە لیژنەی ئەمنی سلێمانی كۆبووەوە و دوای كۆبوونەوەكەش قائیمقامی سلێمانی لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، لە رۆژی ٢٠ی ئازار لە گردی مامەیارە رێوڕەسمی پێشوازیكردن لە جەژنی نەورۆز بەڕێوەدەچێت و چەند چالاكییەك پێشكەش دەكرێت، هاوكات لە شەقامی سالمیش ئامادەكاری پێویست كراوە بۆ پێشوازی كردن لە هاوڵاتیان و ئەو گەشتیارانەی كە روو لە شارەكە دەكەن.

ئاوات محەمەد ئاماژەی بەوەشكرد، هەموو رێوشوێنێكی پێویست گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی هاوڵاتیان و گەشتیاران لە بارودۆخێكی ئارام و هێمندا پێشوازی لە جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی كوردی بكەن، لیژنە هاوبەشەكانیش لەو ڕۆژانەدا لە ئەركانیان بەردەوام دەبن.

ڕوونیشیكردەوە، رۆژانی ٢١ و ٢٢ و ٢٣ی ئازار كە پشوی فەرمییە لە هەموو شوێنە گەشتیارییەكاندا تیمەكان رێوشوێنی پێویست دەگرێنە بەر بۆ كارئاسانی هاوڵاتیان و گەشتیاران و پێشكەشكردنی كارئاسانی بۆیان، مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنە سورەكەی سلێمانیش كراوە دەبێت بەڕووی گەشتیاراندا.

هاوكات عەلی رەئووف بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سلێمانی پێشبینیكرد لە رۆژانی نەورۆزدا ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیاران رووبكەنە پارێزگای سلێمانی.

ڕۆژی ٢١ی ئازاری هەموو ساڵێك سەری ساڵی كوردی و جەژنی نەورۆزە، بەو بۆنەیەشەوە لە هەموو شارو شارۆچكەكانی كوردستان ئاگری نەورۆز دەكرێتەوە و هاووڵاتیان ئاهەنگ دەگێڕن.




PM:02:10:13/03/2019