ڕێكارە یاساییەكانی دابەشكردنی پارەی كارمەندانی سەر سندوقەكانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی کوردستان، لە لایەن کۆمسیۆنەوە تەواو بوون و وتەبێژی كۆمسیۆنیش دەڵێت "هەفتەی داهاتوو دابەش دەکرێت".
شێروان زرار، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان لەلێدوانیکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لە ئیستادا كۆمسیۆن وردبینی بۆ ناوی فەرمانبەرانی سەر سەندوقەكانی دەنگدانی تەواو كردووە، هەوڵ دەدرێت لە هەفتەی داهاتوودا ئەو پارەیە خەرج بكرێت کە بڕەکەی شەش ملیار دینارە".
وتەبێژەكەی كۆمسیۆن پێشنیاری ئەوە دەكات حكومەت بانكێك دیاری بكات و لەڕێگەی لقەكانییەوە پارەكە بەسەر فەرمانبەرانی هەرسێ پارێزگای هەولیر، دهۆک و سلێمانی، دابەش بكرێت.
لەبارەی بڕی پارەی هەر کارمەندیی سەرسندوق شێروان زرار وتی "هەر كارمەندێكی ئاسایی سەر سندوقی دەنگدانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی كوردستان بڕی 150 هەزار دینار و بەڕێوەبەری بنكەكانیش بڕی 200 هەزار دینار وەردەگرن".
وتەبێژەکەی کۆمسیۆن ڕەتیکردەوە هیچ بڕە پارەیەك لە كارمەندانی سەر سندوقی سنوری پارێزگای هەڵەبجە بڕابێت کە پیشتر وەریان گرتوە.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 30ی ئەیلولی 2018 بەڕێوەچوو، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم زیاتر لە 50 هەزار کارمەندی کاتی بۆ سەر سندوقی دەنگدان دامەزراند.