ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئازاری 2019، لە مەراسیمێكدا و لە لایەن زانكۆی سەڵاحەدین، دكتۆرای فەخری بەخشرایە پرۆفیسۆ كۆچەر بیركار كە خاوەنی مەدالیای فیڵدزی تایبەت بە داهێنانە لە بواری بیركاریدا.
د. ئەحمەد دزەیی، سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین لە مەراسیمی بەخشینی خەڵاتەكە رایگەیاند "بە شانازییەوە دكتۆرای فەخری دەبەخشینە پڕۆفیسۆر كۆچەر و هیوادارین ببێتە سەرچاوەیەكی زانستی بۆ قوتابیان و مامۆستایانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان".
هاوكات نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە مەراسیمەكە رایگەیاند "لەبەر دوو هۆكار هەست بە خۆشحاڵی دەكەم، یەكەمیان بەهۆی بوونی پرۆفیسۆر كۆچەر لێرە و دووەم بەوەی كاتی ئەوە هاتووە ئێمەش رووبكەینەوە زانست و شارستانییەت چونكە تاكە رێگەی پێشكەوتنمانە".
وتیشی "دكتۆر كۆچەر خۆی، خۆی پێگەیاند ئەمەش وانەیەكە بۆ لاوان كە دەبێت پشت بەخۆیان ببەستن و سوود لە كات وەربگرن".
كۆچەر بیركار لە دوای وەرگرتنی خەڵاتەكە رایگەیاند "زۆر خۆشحاڵ بووم كە دووبارە سەردانی كوردستانم كردەوە، من لە گوندێك گەورە بووم كە باری خوێندن تیایدا باش نەبووە، خوێندنگەكەمان باش نەبوو و شەڕی عێراق و ئێران و ئاوارە بوون هەبوو، سوپاسی هەموو ئەوانە دەكەم كە یارمەتییان داوم بە تایبەت دایك و باوكم".
راشیگەیاند "بیركاری لەگەڵ حەز و سروشتی مندا هەر لە تەمەنی 10 ساڵیەوە دەگونجا و لە قۆناغەكانی دواتریش ئەم حەزەم زیاتری كرد. كتێبخانەی شاری مەریوان سوودی زۆری هەبوو چونكە كتێبی زۆر بە سوودی لێبوو".
ئاماژەی بەوەشكرد: "زۆر گرنگە قوتابی فێری ئەوە بكرێت دەست بە داهێنان بكات لە بوارە جیاوازەكاندا، چونكە ئێمە پێویستمان بە زیاد لە یەك كۆچەر بیركارە و بە یەك كۆچەر بیركار وڵات پێش ناكەوێت".
ناوبراو داوای كرد حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر گرنگی بدات بە خوێندنی باڵا و چونكە بە گووتەی ئەو لە ئاستی پێویستدا نییە، ئاشكراشیكرد كە چەند پڕۆژەیەكی گرنگی دەبێت تاكو خزمەتی خوێندنی لە كوردستان پێ بكات.