لەسەر پرۆژە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی ئەم خوولەی پەرلەمان، بێستون فایەق ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمان لەسەر فراكسیۆنی گۆڕان، بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ وەڵامی عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەداتەوە.
بێستون فایەق لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، دەقی ئەو پرۆژە یاسایەی سەرۆكایەتی هەرێمی بڵاوكردەوە كە ساڵی 2015 لەگەڵ پرۆژەكانی یەكێتی، كۆمەڵ، یەكگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامی لەسەردەمی رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕاندا رێكخرابوو..
بێستون فایەق نووسیوێتی: "ئەمە پرۆژەی بزوتنەوەی گۆڕان بو بۆ ھەمواری یاسایی سەرۆکایەتی ھەرێم لە خولی پێشوی پارلەمانی کوردستان ساڵی 2015 کە باجەکەی داخستنی پارلەمان و رێگری کردن بوو لە سەرۆکەکەی".
ئەو پەرلەمانتارە لەدرێژەی پۆستەکەیەدا دەشڵێت: "ئەم پرۆژەیە (پرۆژەکانی یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو و بزوتنەوەی ئیسلامیش کە دواتر لە لیژنەی یاسایی یەکخران) سیستەم دەکاتە پەرلەمانی ھاوشێوەی بەغداو سیستمە پارلەمانیەکانی تر بە جۆرێک دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم دەبنە پرۆتۆکۆلی، سەرۆک و دامەزراوەی سەرۆکایەتی دەکەونە ژێر چاودێری پارلەمانەوە، سەرۆک فەرماندەو کەسی یەکەمی پێشمەرگەو ھێزە چەکدارەکان و ئەنجومەنی ئاسایش ( پاراستن، زانیاری) نیە، ھەڵسوکەوت و دەسەڵات و چۆنێتی ھەڵبژاردنی سەرۆک بە تەواوی کراوەتە پارلەمانی".
بێستون فایەق دەشڵیت "سیستەم تەنھا بە ھەڵبژاردنی سەرۆک لە پارلەمانەوە نابێتە پارلەمانی، وەک ئەو پرۆژەیەی ئێستا لە پارلەمان پێشکەش کراوە، ئەوەی جۆری سیستم دیاری دەکات چەندێتی دەسەڵاتەکانی سەرۆک و چۆنێتی خازع بونێتی بۆ چاودێری پارلەمان وەک ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان پێشتر شەری بۆ دەکرد".
رۆژی پێنج شەممە بەدوای یەکدا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی و گۆڕان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا تیشکیان خستەسەر پرۆژە یاسایی هەموارکراوی سەرۆکایەتی هەرێم و ئاشکرایان کرد کە رۆژی شەممە کۆبوونەوەی پەرلەمانی بۆ ئەنجام دەدرێت.