سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوی رایگەیاند" پێشنیارێکی نوێمان ئامادە کردووە بۆ دابەشکردنی پۆستەکان".
عیماد ئەحمەد سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری یەکێتی کە بەشداری کۆبوونەوەی ئەمشەوی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کرد لە هەولێر لە لیدوانێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند "لە کۆبوونەوەی مەمڕۆماندا گفتوگۆمان لەسەر پشکەکانی یەکێتی لە کابینەی داھاتووی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کرد، ھەروەھا ئێمە پێشنیازێکمان ئامادە کردووە بۆ دابەشکردنی پۆستەکان، بەم زووانە وەڵامی پارتی دەدەینەوە".
هەروەها وتیشی " یەکێتی ھەوڵی ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی دەدات، بێگومان چونکە چەپڵە بە دەستێک لێ نادرێت، دەبێت ھەردوو لامان ڕازی بین بۆ ڕێککەوتن و چارەسەرکردنی گرفەتەکان".
بڕیارە سبەی شەممە پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان وەفدی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوەی دوا ساتەکانی دانوستانی پێش کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بکەن کە تایبەت دەبێت بە هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم.