کارەبای نیشتیمانی زیاد دەکات

کارەبای نیشتیمانی بەهۆی زیادبوونی ئاستی ئاوی دوكان و دەربەندیخان  لەم ئەم مانگەدا دەبێتە 12 بۆ  14 كاتژمێر لە شەو ورۆژێکدا.

سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، زۆری رێژەی بارین بارانی ئەمساڵ بووەتە هۆی گلدانەوەی بڕێكی زۆری ئاو لەبەنداوەكانی دوكان و دەربەندیخان و بەنداوەكانی دیكەش.

وتیشی، لە ئێستادا ویستگەی دوكان 4 یەكە و وێستگەی دەربەندیخانیش هه‌ر 3 یەكەكه‌ى كار دەكات، بەهەردووكیشیان 500 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنن، ئەوەش بۆ سیستمی كارەبا مایەی دڵخۆشییە.

سیروان محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو بارانە كاریگەری بۆ زیادبوونی بەرهەمهێنانی كارەبا دەبێت و گەشبینن ئەمساڵ رەوشی كارەبا باشتر دەبێت.

 بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی راشیگەیاند، ئەمڕۆ كۆبوونەوەیان كردووە و پێشبینی دەكرێت ئەم مانگە کارەبای نیشتیمانی ببێتە 12 تا 14 كاتژمێر و مانگی داهاتووش 18 بۆ 20 كاتژمێر كارەبا دابین بكرێت، کە پێشتر 8 بۆ 10 كاتژمێر بووە.



PM:09:09:01/04/2019