دواکەوتنی دابەشکردنی موچەی مانگی یەکی ئەمساڵ کە دەبوایە سەرەتای ئەم هەفتەیە ئەنجامبدرایە، لەبەر چەند هۆکارێک بۆ رۆژی یەکشەممەی ھەفتەی داھاتوو دواخرا.
بەپێی هەندێک زانیاری کە لەوەزارەتی داراییەوە ئاماژەی بۆ دەکرێت، بەرنامە هەبوو لەناوەڕاستی ئەم هەفتەیە موچەی وەزارەتەكانی پێشمەرگەو پەروەردە دابەشبكرێت، بەڵام بەهۆی سەرلەنوێ ئامادەكردنەوەی لیستی موچەوە، دابەشكردنی موچە بۆ رۆژی یەكشەممە 7ی 4ی 2019 دواخراوە.
لەو زانیارییانە کە لە ماڵپەڕی تۆڕی هەواڵی سلێمانی بڵاوکراوەتەوە:((هۆكاری یەكەم ئەوەیە كە پێشتر لیستی موچەی مانگی (1)ی وەزارەتەكان، لێبڕینی پێشینەكانی لە موچەی فەرمانبەران خۆگرتبوو، بەڵام دواتر وەزارەتی دارایی داوایكرد سەرلەنوێ ئەو لیستانە ئامادە بكرێتەوەو لێبڕینەكان بۆ لیستی موچەی مانگی داهاتوو(2) دوابخرێت)).
ئەوەش روونكراوەتەوە، هۆكاری دووەمی دواكەوتنی موچە بۆ هەفتەی داهاتوو ئەوەیە كە رۆژی 5ی ئەم مانگە دەكەوێتە رۆژی هەینییەوە، بۆیە دابەشكردنی موچە دەكەوێتە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو 7ی 4ی 2019وە.