بەرێوبەرایەتی ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند، بەهۆی لافاو بارانی زۆر ٢٤ ملیار دینار زیان بە ڕێگا و پرد و ئاوبارەی سەر رێگاكان کەوتووە.
ئیدارەی گەرمیان لەڕاگەیەندراوێكیدا بڵاویکردەوە، بەپێی راپۆرتی لیژنەی خەمڵاندنی زەرەر و زیانەكانی تایبەت بە ڕێگاوبانەكان لە سنوری ئیدارەی گەرمیان نزیكەی ٢٤ ملیار دینار زیان بەر رێگاو پردو ئاوبارەی سەر رێگاكان كەوتووەو دەرخستەی پێویستی بۆكراوە بەمەبەستی چاككردنەوەیان.
عەدنان خەلیل بەڕێوەبەری رێگاوبانی گەرمیان هۆكاری خراپبون و تێكچونی بەشێك لەڕێگاكانی گەڕاندوەتەوە بۆ لۆدی زۆرو تەمەنی رێگاكان و بومەلەرزەو لافاوی زۆری ئەمساڵ، راشیگەیاندوە، لەئێستادا سەرجەمی ئەو زیانانە دەرخستەی پێویستیان بۆكراوە بەمەبەستی چارەسەركردن.
لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بەهۆی بەردەوامیی بارانبارین و کەوتنەوەی لافاو لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان، زیان بە ماڵ و موڵکی هاوڵاتییان گەیشت و ڕێگای نێوان چەند شارێکیش داخران.