ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی یاداشتێک ئاڕاستەی پەرلەمان دەکات

لەیاداشتێكدا كە ئاڕاستەی پەڕلەمانی كوردستان و ڕای گشتی كراوە و وێنەیەكی دەست "سپی" كەوتوە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی چەند داواكاریەكیان خستۆتەڕوو و هۆشداریش دەدەن لە ئەگەری جێبەجێنەکردنیدا هەموو ڕێگەیەكی مەدەنی دەگرنەبەر.

دەقی یاداشتیەكە:
یاداشتێك بۆ 
بەڕێز پەڕلەمانی كوردستان
ڕای گشتی 
سڵاوی پەروەردە و زانست 

وەك ئاگادارن لەدوای دروست بونی داعش و شەڕی نەگریسی نەخوازراوی ئەو گروپە قەیرانەكان ڕوویان لە كوردستان كرد و بەهۆی سیاسەتی هەڵەی دەسەڵاتداران و خراپ بەڕێوەبردنی ووڵات قەیرانەكان زیادیان كرد و گوزەرانی هاووڵاتیان ڕۆژ بەڕۆژ سەختتر دەبوو دەرئەنجام ناڕەزایەتیەكان زیادی كرد و هاووڵاتیان و مووچە خۆران و بەڕابەرایەتی مامۆستایان ڕژانە سەر شەقامەكان و داوای مافە زەوت كراوەكانییان لەدەسەڵات دەكرد بەڵام بەداخەوە دەسەڵات بەشیوازێكی نامەدەنیانە ڕوبەرووی خۆپیشاندەران بوەوە و چەندین خۆپیشاندەر شەهید و بریندار بوون و خرانە كونجی زیندان و لەو میانەشدا چەندین فەرمانبەر و مامۆستا لە كارەكانیان دور خرانەوە بۆیە ئێمە وەك مامۆستایانی ناڕازی هەمیشە داكۆكیكارێكی سەرسەخت بوین و بەردەوام دەبین لەمافخوراوان لەم سۆنگەیەوە داوا لە پەڕلەمانی كوردستان دەكەین :

1- سەرجەم ئەو مامۆستاو و فەرمانبەرانەی لەو زروفە تایبەتەدا لەكارلادراون و شایستەی گەڕانەوەن بگەڕینرێنەوە سەر كارەكانیان بەتایبەت مامۆستا ( دانەر ئەسڵان ) و پێویستە دەسەڵات بەرپرسیارێتی پاراستنی شكۆی مامۆستا لەئەستۆ بگرێت .
2- سەرجەم لێبڕینەكان لە پێشینەكان و باج و ڕسومات و پارەی ئاوو كارەبا و زەریبە لە پاشەكەوتی موچە خۆران ببڕریت نەك موچەكانیان .
3- چارەنوسی مووچەی مانگەكانی ( 1و 2و 3و 4) یەكلایی بكرێتەوە لەكاتێكدا حكومەتی عێراقی ناردویەتی بەشاهیدی جێگری سەرۆكی پەڕلەمانی عێراق و وەزیری دارایی و نوێنەرە كوردەكانی كوردستان لە پەڕلەمانی عێراق مووچە لەكاتی خۆیدا دابەش بكرێت .
4- میكانیزمێكی گونجاو بۆ دانەوەی پاشەكەوت دابنریت و دڵنیایی بدرێتە مووچە خۆران لەدانەوەی پاشەكەوتەبەزۆركراوەكانیان .
5- پەلەبكرێت لە دامەزراندنی گرێبەستەكان بەشێوازێكی دادپەروەرانە .
6- بوودجەیەكی تایبەت بۆ پەروەردە تەرخان بكرێت و لە كردنەوە و نۆژەن كردنەوەی خوێندگاكان و بەروەوپیش بردنی پرۆسەی پەروەردەدا سەرف بكریت

لەكۆتاییدا بەڵێن دەدەین بە هەموان كە بەردەوام بین لە داواكاریەكانمان سەندنەوەی مافەكانمان و لە ئەگەری بەدەمەوە نەهاتنی دەسەڵات هەموو ڕێگەیەكی مەدەنی لەبەردەماندا كراوەیە .

سەركەوتووبێت ئیرادەی پۆڵایینی گەل و خەباتی پیرۆزی مەدەنی مامۆستایان و فەرمانبەران 
مامۆستایانی ناڕازی 6/4/2019 سلێمانی.



PM:05:17:07/04/2019