بەهۆی داڕمانی خۆڵی بینایەك لەگەڕەكی بەكرەجۆ لەشاری سلێمانی كرێكارێكی بەڕەگەز سوری گیانی لەدەستدا و كەسێكی دیكەی بەڕەگەز عەرەبیش بریندار بوو .
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١١ی نیسانی ٢٠١٩ بەهۆی داڕمانی گڵی دەوروبەری بینایەك دوو كرێكار كە لەو بینایە كاریان كردووە بوون بەژێرەوەو دوای گەیشتنی هێزەكانی بنكەی پۆلیسی بەكرەجۆ بەهاوكاری بەشی پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانی لاشەی هەردوو كرێكارەكە دەرهێنرانەوە.
ڕونیشیكردەوە، یەكێك لە كرێكارەكان بەڕەگەز سوریە و لەدایكبووی ١٩٧٩ی دانیشتوی گەڕەكی خەبات لەشاری سلێمانیە گیانی لەدەستداوە و ڕەوانەی پزیشكی دادوەری كرا و بریندارەكەش بەڕەگەز عەرەبە و لە دایكبووی ١٩٩٢، دانیشتوی گەڕەكی كانی سپیكە لەشاری سلێمانیە، بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە .
ئاماژەی بەوەشكرد لەئێستادا لەلایەن بنكەی پۆلیسی بەكرەجۆوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕوداوەكە كراوەتەوە .