ئەمرۆ پێنجشەممە لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی ٢٢یەمین فێستیڤاڵی رۆشنبیری گەلاوێژ دەستیپێكرد و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
بەیانی ئەمڕۆ 18ی نیسانی 2019، بیست و دووهەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژ لەپایتەختی رۆشنبیری بە بەشداری نوسەران و روناكبیرانی كوردو بیانی لەژێر دروشمی "رەخنەی ئازاد دەستەبەری كرانەوەیە" دەستیبەكارەكانی كرد و هەر لەناو هۆڵی تەواردا پێشانگایەكی شێوەكاریی شێوەكارانی كوردستان دەكرێتەوە. فێستیڤاڵەكەش لەڕۆژێكدا لە دوو كاتی جیاوازدا چالاكیی جۆراوجۆری دەبێت، 10ی بەیانی و 2:30دەقیقەی دوانیوەڕۆ.
فێستیڤاڵەكە ساڵانە دەیەوێت جەخت لە ئازادیی نووسین، لێكۆڵینەوە، ئەدەبیات و گفتوگۆ بكاتەوەو هەر پەیوەست بەو بابەتەوە ناوەڕۆكی ئەو لێكۆڵینەوانەی كە ئەمساڵ بۆ فێستیڤاڵ هەڵبژێردراون بریتییە لە (ئەنفال، میوزیكی كوردی، شانۆ،بیرەوەری، ئەدەبیات و ئایدیۆلۆژیا).
فێستیڤاڵی گەلاوێژ ساڵانە وەك ئاهەنگێكی كولتووری-فەرهەنگی تەماشا دەكرێت، نەتەوە جیاوازەكان كۆ دەكاتەوەو دەرفەتێكیان بۆ پێكئاشنابوون و راگۆڕینەوە بۆ دروست بكات، میوانان و ئامادەبووانی فێستیڤاڵەكە دەتوانن كەڵك لە سیستمی فێستیڤاڵەكە وەربگرن كە هاوكات گفتوگۆكان بۆ فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی بە شێوەی راستەوخۆ وەردەگێڕدرێن.
لە لایەكی ترەوە، فێستیڤاڵی گەلاوێژ بایەخێكی ئەوتۆ بەگەنجان و نووسینی دەنگە تازەكان دەدات، كە لە سێ بواری (لێكۆڵینەوە، چیرۆك و شیعر)ـدا كێبڕكێیان بۆ ساز دەكات و خەڵاتی یەكەم، دووەم و سێیەم لە هەر سێ بوارەكەدا دابەش دەكرێت.
ساڵانەش فێستیڤاڵی گەلاوێژ پێشانگایەكی كتێب دەكاتەوەو ئەمساڵ هەوڵیداوە بە هاوكاریی كتێبخانەی گشتی- لە هۆڵی كتێبخانەكە- ئەو پێشانگایە فراوانتر و باشتر لە ساڵانی رابردوو بكاتەوە، كە خوێنەران دەتوانن بەداشكان و بەچەندین زمان جیاواز كتێبی تێدا دەستەبەر بكەن.
یەكێك لە كێبڕكێ بەرچاوەكانی فێستیڤاڵی گەلاوێژ كێبڕكێی شاعیرانە بۆ بردنەوەی پلەكانی یەكەم، دووەم و سێیەم، كە ئەمساڵ 11 شیعر بۆ كێبڕكێكە هەڵبژێردراون، هەر بەو بۆنەیەوە یەكێك لە لێكۆڵینەكانی ئەمساڵ تایبەتە بە شیعری حاجی قادری كۆیی.