وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم بەفەرمی سەردانی كارمەندانی بۆ وەزارەتەكە لەسەرجەم ئەفسەرو كارمەندو فەرمانبەرانی میلاكی فەرمانگەكانی سەر بەوەزارەت قەدەغەدەكات.
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم لە نوسراوێكدا كە ئاراستەی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێم و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و فەرماندەی زێرەڤانی و بەرگری و فریاكەوتن و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان كردووە دەڵێت "نابێت هیچ فەرمانبەرو كارمەندێك سەردانی بارەگای وەزارەتی ناوخۆ بكات".
لەنوسراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە "تەنها ڕێگە بەپلەی عەمید بەرەو سەرەوە دەدرێت كە سەردانی وەزارەتی ناوخۆ بكەن"، واتە لەپلەی پۆلیسێكی پیادەوە تاوەكو پلەی عەقید ڕێگەی سەردانی وەزارەتی ناوخۆیان پێنادرێت.
هەر لە نوسراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە هەر ئەفسەرو كارمەندو فەرمانبەرێك سكاڵای هەبێت دەتوانێت لەڕێگەی ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتەوە سكاڵاكەی بگەیەنێت، هۆشداریشدراوە هەر ئەفسەرو كارمەندو فەرمانبەرێك سەرپێچی ئەم بڕیارە بكات، لێپرسینەوەی توندی لەگەڵدا دەكرێت.