فای موونێی، مامۆستای پێشووی زانكۆی سۆران و چالاكوانی بواری مافەكانی مرۆڤ لە لایەن گروپێكی چەكدارەوە لە وڵاتی نایجیریا كوژرا و زانكۆی سۆرانیش هاوخەمی دەردەبڕێت.
سایتی سی ئێن ئێن بڵاویكردەوە، چەند چەكدارێك لە وڵاتی نایجیریا هێرشدەكەنە سەر هۆتێلێكی هەرێمی كادونا و سێ كەس دەڕفێنن و دوانی دیكەش دەكوژن، یەكێك لەوان، مامۆستای پێشووی زمانی ئینگلیزی زانكۆی سۆران بووە.
زانكۆی سۆران هاوخەمی بۆ مردنی ئەو مامۆستایەی دەربڕیووە كە لە ساڵانی 2013 و 2014 خزمەتی بە زانكۆكە كردووە و ڕایگەیاندووە "فای دوو ساڵ وەكو مامۆستا لە زانكۆی سۆران خزمەتی كردووە و خاتوونێكی پڕ هیوا و زیرەكی زانكۆكەمان بوو، هاوخەمی خۆمان بۆ خێزان و هاوڕێیانی دەردەبڕین".
ئەو گروپە چەكدارانە لە نایجیریا خەڵكی بیانی و دەوڵەمەند دەڕفێنن تاكو لە بەرامبەردا پارە وەربگرن، پێشتریش چەندین حاڵەتی هاوشێوە روویانداوە.