لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ و داکۆکیکردن لە ئافرەتان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند بە تووندی ئیدانەی هەڕەشە لە ژنان دەکەن و پشتیوانی خۆیان بۆ پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ و ژنانی کوردستان دەردەبڕن.
لە راگەیەندراویکدا کە وێنەیەکی دەست سپی کەوتووە، تیایدا لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ و داکۆکیکردن لە ئافرەتان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەکردوە "کەسانێک بۆ راگرتنی ئەم کاروانە، زۆر نابەرپرسانە پەنا دەبەنە بەر هەڕەشەی شکاندنی شکۆ و لەکەدارکردنی کەسایەتی ژن هەروەک ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر هاوپیشەمان پەرلەمانتار (شادی نەوزاد) روویدا. وەک لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ و داکۆکیکردن لە ئافرەتان بە تووندی ئیدانەی ئەمجۆرە هەڕەشانە دەکەین و بە ئیرادەیەکی یەکگرتووشەوە پشتیوانی لەو خاتونە سەنگینە و هەموو ژنانی کوردستان دەکەین".
دەقی راگەیێندراوەکە:
هەروەک ڕوون و ئاشکرایە یەکێک لە بنەماکانی پێشکەوتن و ڕەوتی بەرەوپێشچونی کۆمەڵگا بریتیە لە یەکسانی جێندەری و پاراستنی شکۆو تایبەتمەندیە کەسیەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ بەگەڕ خستنی تواناکان بە بێ جیاوازی ڕەگەز، بەڵام بەداخەوە لەزۆرێک لەو کۆمەڵگایانەی کە هێشتا لەسەرەتای کاروانەکەدان دەست بردن بۆ هەڕەشە و تۆمەت دروست کردن و کوشتن یەکێکە لەو نەریتە باوانەی کە بە پلەی یەکەم دوچاری ئەو ژنانە دەبێتەوە کە توانیویانە هەڵکەوتوانە ڕۆڵی کاریگەریان هەبێت لە کایەی سیاسی ئابوری کۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵگە و وڵاتەی هەنگاوی تێدا دەهاوێژن لەگەڵ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان بەرەو پێشچونی بەرچاوهەن بۆ پێشخستنی تواناکانی ژنان لەهەموو بوارەکاندا.
کەچی هێشتا کەسانێک بۆ ڕاگرتنی ئەم کاروانە زۆر نابەرپرسانە پەنا دەبەنە بەر هەڕەشەی شکاندنی شکۆو لەکەدارکردنی کەسایەتی ژن هەروەک ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر هاوپیشەمان پەرلەمانتار (شادی نەوزاد) ڕویدا.
وەک لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ و داکۆکیکردن لە ئافرەتان بە توندی ئیدانەی ئەوجۆرە هەڕەشانە دەکەین و بە ئیرادەیەکی یەکگرتووشەوە پشتیوانی لەو خاتونە سەنگینە و هەموو ژنانی کوردستان دەکەین... هیوادارین دادگاکانمان بۆ سەروەربوونی یاسا و نەهێشتنی ئەم دیاردانە جێبەجێکەری یاسا بن و پاساو بۆ هیچ کەس و حاڵەتێکی لەم جۆرە نەبێتە بەدیلی یاسا، تا رەوتی پێشکەوتنی کۆمەڵگەکەمان لە بەرە و پێشچوونی زیاتر دابێت.
لیژنەی کارو باری کۆمەلایەتی و مافی مرۆڤ و داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان
۲٤ ی نیسانی ۲٠۱۹