به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی راپه‌ڕین ده‌ستگیركردنى ئه‌نجامده‌رى رووداوى دزیكردن له چه‌ند ماڵێكى قه‌زاى رانیه‌ى راگه‌یاند.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه وێنه‌یه‌كى بۆ "سپی" نێردراوه، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی راپه‌ڕین ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه "دوای به‌دواداچوون و به‌ده‌ستهێنانی زانیاری، ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه له ناو شاری رانیه له‌لایه‌ن هێزه‌كانمان گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 17 ساڵ له ره‌گه‌زی نێر ده‌ستگیركرا كه هه‌ستاوه به دزیكردن له ماڵان له ناو شاره‌كه".
ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو "دوای لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵیدا، ده‌ستگیركراوه‌كه له‌به‌رده‌می پۆلیس و دادگا دانی ناوه به تاوانه‌كه‌ی كه له ناو شاری رانیه دزی له ماڵان كردووه".
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی راپه‌ڕین باسى له‌وه‌شكردووه "دوای ئه‌وه‌ی دۆسیه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ كرایه‌وه و به بڕیاری دادوه‌ر ده‌ستگیركراوه‌كه به‌پێی مادده‌ی 443 له یاسای سزادانی عێراقی راگیراوه و دۆسیه‌كه‌ى هه‌واڵه‌ی به‌شی پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوانی راپه‌ڕین له رانیه كرا و لێكۆڵینه‌وه به‌رده‌وامه".