بڕیارە سبەینێ یەکشەممە ٥ی ئایاری ٢٠١٩، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەردانی سلێمانی بکات و لەگەڵ هەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆببێتەوە
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ئەجێندای سەردانەکەی پارتی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، " شاندەکەی پارتی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت سەردانی یەکێتی دەکەن".
ئەندامەکەیی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ روداو وتیشی" دوای تەواوبوونی رێککەوتنەکەشیان لەگەڵ پارتی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە میکانیزمی تایبەتی خۆی کاندیدەکانی بۆ پۆستەکانی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکلایی دەکاتەوە".
بەپێی زانیارییەکان بڕیارە دوای کۆبونەوەی لەگەڵ یەکێتی، شاندەکەی پارتیی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕانیش کۆدەبێتەوەو دوایین رێککەوتنیان لەبارەی کابینەی نوێی حکومەت واژۆ دەکەن.
زیاتر لە حەوت مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام تا ئێستا کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهێنراوەو هۆکارەکەشی بۆ رێکنەکەوتنی لایەنەکان بە تایبەت پارتی و یەکێتی دەگەرێتەوە لەسەر پۆستەکانی نێو کابینەکە.